چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ بەڕێوەده‌چێت

14-04-2024
نووسەران
نیشانەکردن فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆی رووسیا، له رۆژانی 18 تا 22ـی ئه‌یلوولی 2024 لە مۆسکۆی رووسیا بەڕێوەدەچێت.
 
فێستیڤاڵەکە بە سەرۆکایەتی کەرەم گەردەن زەری، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناسراوی کوردی دانیشتووی رووسیا، بە بەرپرسیاری گولیزەر گەردەن زەری و ئینا تێدژۆڤایە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بەشی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، به مه‌به‌ستی رەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کورد و هەروەها ژیانی مۆدێرنی ئەم نەتەوه ره‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵنده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی "شه‌وی سینه‌مای کوردی"، به‌شی "نمایشی باشترین فیلمه‌کانی رووسیا‌" و پێشانگای کو‌لتووریی و هونه‌ریی بەڕێوەدەچێت.
 
به‌رپرسانی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ، داوا له هه‌موو ئه‌و‌ فیلمسازانه ده‌که‌ن که فیلمیان سه‌باره‌ت به کورده‌کان سازکردووه؛ به‌رهه‌مه بڵنده سینه‌ماییه‌کان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمه‌کانی خۆیان بۆ به‌شداری له به‌شی پێشبڕکێی ئه‌م رووداوه سینه‌ماییه بنێرن، 10ـی حوزه‌یرانی 2024 دوایین مۆڵه‌تی ناردنی به‌رهه‌مه‌کانە.     
 
خەڵاتی "هەتاوی زێڕین" ستایلێکی کریستاڵ به هێمای هەتاوی زێڕینه، له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت، هەروەها خەڵاتی "هاوبه‌شی سینه‌مای کوردی" پێشکێش بە براوەکان دەکرێت.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، بەرپرسانی فێستیڤاڵەکە دەڵێت: "فێستیڤاڵەکە له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا بۆته رووداوێکی باوه‌ڕپێکراو و خۆشه‌ویست له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ریی سینه‌ما، به تایبه‌ت جێگای خۆشحاڵییه که نه ته‌نیا کوردانی تاراوگه و نیشته‌جێی وڵاتی رووسیا بوونه‌ته هۆگریی فێستیڤاڵه‌که‌؛ به‌ڵکوو ساڵی رابردوو، سه‌رنجی زۆریی له لایه‌ن پیشه‌گه‌ڕانی سینه‌ما و هه‌روه‌ها بینه‌رانی رووسیاوه بۆلای خۆی راکێشا، هه‌ر ئه‌وه گرینگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌ ئێمه ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی کارێکی گرینگ و زۆر پێویستین. له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی فێستیڤاڵ، پلانێکمان داڕشت که بینه‌ران نه ته‌نیا له‌گه‌ڵ سینه‌ما، به‌ڵکوو به شێوه‌ی گشتیی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند و جیاوازیی کورده‌کان ئاشنا بکه‌ین. له 2023 توانیمان پێشانگایه‌کی هونه‌ری هاوچه‌رخی کوردیی به‌ڕێوه‌به‌رین، ئه‌مساڵیش هیوادارین درێژه بەم رێگەیه بدەین و جگه له سینه‌ما و شێوه‌کاری، میوزیک، هه‌ڵپه‌ڕکێی، ئه‌ده‌بیات و ته‌نانه‌ت خواردنی زۆر خۆشیی کوردیش پێشکێ‌ش بکه‌ین". 
 
هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە: "ساڵی رابردوو، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"، سەرنجی خستبووه سه‌ر سینه‌مای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌و مێژوو و دابوونه‌ریته ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی هه‌یه‌‌تی. ئه‌مساڵیش به شێوه‌ی گشتیی سەرنجی خستۆته‌ سه‌ر ئاخاوتن و وتووێژیی نێوان کو‌لتووریی و هاوکاریی له‌گه‌ڵ سینه‌مای رووسیا. کوردەکان یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژوویەکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە، هەموو ئەم تایبەتمەندیانە لە سینەمای هاوچەرخی کوردیدا خۆی دەرخستووە. فیلمه‌کانی فێستیڤاڵی کوردی "مۆسکۆ"، بینه‌رانی خۆی ئاوێته‌ی جوانناسی و به‌‌هێزبوونی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی، دابوونه‌ریت و که‌له‌پووریی ئایینی و هه‌روه‌ها دیارده کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووری خه‌ڵکانی کورد ده‌کات که خه‌زێنه‌ی راسته‌قینه‌ی سینه‌مای رۆژهه‌ڵاتن."
 
لە خولی رابردووی فێستیڤاڵەکە، تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی بەرفراوانی بۆ فێستیڤاڵەکە کرد و رۆژانە چالاکییەکانی بۆ بینەر و بیسەران دەگواستەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە