نەڤید زەردی دوای ساڵ و نیوێک دابڕان بە 'فێرت کردم' دەگەڕێتەوە

13-01-2024
پەسار فایەق
نەڤید زەردی لە کاتی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپی 'فێرت کردم'
نەڤید زەردی لە کاتی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپی 'فێرت کردم'
نیشانەکردن نەڤید زەردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند نەڤید زەردی، دوای یەک ساڵ و نیو دابڕان لە کاری هونەری و بڵاونەکردنەوەی بەرهەمی نوێ، بە بەرهەمی 'فێرت کردم' دەگەڕێتەوە و بە هۆگرانی دەڵێت: "ئەمەش دیاریی نەویدەکەتانە".
 
'فێرت کردم' ئەزموونێکی دیکەی هاوبەشی نەڤید زەردییە لەگەڵ رەنج سەنگاوی، شاعیر و رۆژنامەڤان و پێشتریش چەند شیعرێکی دیکەی سەنگاوی کردووەتە گۆرانی.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە کاژێر 9:05ـی ئەمشەو شەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2023 لە کەناڵی تایبەتیی نەڤید زەردی لە یوتیوب بڵاوبکرێتەوە.
 
زەردی، لە پۆستێکی پێشویدا لە هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیبووی، بەهۆی "شۆڕشی ژینا" لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کارە هونەرییەکانی وەستاندبوو و هیچ پلانێکی بۆ ئەلبووم و گۆرانی نوێ نەبووە. پۆستەکەی ئاڕاستەی رەنج سەنگاوی دەکات و دەڵێت: "کاتێک شیعرێکی نوێت دەبینم یاخود بۆم دەخوێننەوە، یەک پارچە پڕ دەبمەوە لە ئاواز و خەیاڵ و فڕین، هەر ئەوەندە دەزانم لە ستۆدیۆیەکدا دانیشتووم و پڕ بە هەناسەم بۆ مایکەکەی بەردەمم دەدوێم".
 
هەروەها دەڵێت: "دەبمەوە بەو کوڕە نەوجەوانەی کە یەکەم خۆشەویستیم بۆ میوزیک، دووەم بۆ ئاواز و سێیەم بۆ چڕین بوو، هەموو ئەمانەشم بوون بە خۆشەویستی هەزاران هۆگر و هەواداری گۆرانییەکانم". 
 
هەر لە پەیامەکەیدا بۆ سەنگاوی، هاتووە: "بۆیە دەڵێم رەنج تۆ بنووسە با من بخوێنم، تۆ هەبە، با دڵی مرۆڤایەتی بدوێنم، با ئاشقە بێنازەکانی کورد بلاوێنم، ئەمە رۆحی تۆیە بە دەنگ و ئاوازی من، پێشکێشی دەکەمەوە بە تۆ و خوێنەرەکانت".
 
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و زیاتر لە 30 گۆرانی تاک و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە، تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد و بیانی داناوە و بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
 
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی 'کوردە' زیاتر لە 34 ملیۆن بینەری هەیە و لە کۆی گشتی ڤیدیۆکانی لە کەناڵەکەی کە ژمارەیان 69 ڤیدیۆیە، زیاتر 261 ملیۆن بینەریان هەیە.

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە