هێدی ساڵح
رووداو - هەولێر
14ـی شوباتی هەموو ساڵێک كە ئەمساڵ دەکاتە رۆژی هەینی، رۆژی ڤالانتاین یان رۆژی خۆشەویستانە. لە سەرانسەری جیهان عاشقان و ئەو كوڕ و كچانەی یەكیان خۆشدەوێت یادی ئەو رۆژە دەكەنەوە و وەكو رۆژێكی تایبەت رێزی لێدەگرن. هونەرمەندانی کوردستانیش هاوشێوەی هونەرمەندانی جیهان ئاهەنگ و سوپرایزیان هەیە. رووداو سوپرایزی بەشێک لە هونەرمەندان ئاشکرادەکات.
لەم رۆژەدا زۆر کەس لەگەڵ خۆشەویستەکانیان جەژن دەگێڕن، گوڵی سوور، پۆستکارت یان نامەی عاشقانە بۆ یەک دەنێرن، یاخود بە بەسەربردنی کاتێکی رۆمانسی لەگەڵ خۆشەویستەکانیان، گوزارشت لە خۆشەویستی و دڵگەرمییان بۆ كەپڵەكانیان یان هاوژینەكانیان دەکەن.
لە باشووری كوردستانیش پێشوازییەكی گەرم لەو رۆژە دەكرێت، هەرچەندە بەهۆی كولتووری كۆمەڵگەی كوردی، بەراورد بە وڵاتانی دیكە كوڕ و كچان ناتوانن بە ئازادی گوڵی سوور پێشكەش بە یەك بكەن و لەو رۆژەدا ژوان ببەستن، لە زۆر ناوچەشدا تاوەكو ئێستا بە عەیبە و بڤە دادەنرێت، مامۆستایانی ئایینی و بەشێك لە خەڵكیش بە حەرامی دەزانن.
هونەرمەندانی کوردستان هاوشێوەی هونەرمەندانی جیهان لەو رۆژەدا ئاهەنگ و سوپرایزیان هەیە و دیاری پێشکەشی خۆشەویستانیان دەکەن، لەم راپۆرتەدا رووداو سوپرایزی بەشێک لە هونەرمەندانی کورد ئاشکرادەکات.
هەڵکەوت زاهیر حەزی لە گوڵە
هونەرمەندی گەورە هەڵکەوت زاهیر، کە زیاتر لە 28 ساڵە کاری هونەری دەکات و، زۆرترین ئاوازی بۆ هونەرمەندانی کورد و عەرەب داناون و خاوەنی چەندین خەڵاتی رێزلێنانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە، بۆ ڤالانتاینی ئەمساڵ لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندەکانی بەرهەمێکی هونەرییان بەناوی (سەبری ئەیوب) ئامادەکردبوو، رۆژی دووشەممەی رابردوو، بەبۆنەی هاتنی ڤالانتاین پێشکەشی هەوادارانیان کرد.
هەڵکەوت زاهیر باسی بەرهەمە نوێکەی بۆ رووداو کرد گوتی:'' لەگەڵ هاوکارانم بەرهەمێکی هونەریمان بۆ ڤالانتاین ئامادەکردووە، تێکستی د. ئاراس عەبدولکەریمە و من ئاوازم بۆی داناوە، بە دەنگی هەردوو هونەرمەند دینا و میرا کردوومانە بە گۆرانی. بەبۆنەی نزیک بوونەوەی رۆژی ڤالانتاین رۆژی دووشەممە بڵاومان کردەوە و پێشکەشی هەواداران و هونەردۆستانمان کرد".
ئەو ئاوازدانەرە تاوەکو ئێستا بیری لەوە نەکردووەتەوە لە ڤالانتاین دیاری بۆ کەسێک بکڕێت، بەڵام دەڵێت ''من هەمیشە حەزم لە گوڵە، گەر کەسێکیش لەو رۆژەدا دیاریم پێشکەش بکات حەز دەکەم گوڵم بۆ بێنێت".
میرا سوپرایزی بۆ هاوژینەکەی هەیە
میرا عەلی، جەخت لەسەر قسەکانی هەڵکەوت زاهیر دەکاتەوە و دەڵێت "رۆژی دووشەممە بەبۆنەی نزیک بوونەوەی رۆژی ڤالانتاین بەرهەمێکمان پێشکەشی هەواداران کرد".
میرا، یەکێکە لەو گۆرانیبێژانەی لەگەڵ ھەڵکەوت زاھیر کاری ھونەری دەکات، خاوەنی چەندین ڤیدیۆ کلیپ و ئەلبوومی گۆرانییە، بەھۆی ئەوەی زۆرترین گۆرانی بەشێوەی دوێت لەگەڵ گۆرانیبێژانی دیکە بڵاوکردوونەتەوە، نازناوی سوپەر دوێتی وەرگرتووە.
میرا لەبارەی رۆژی ڤالانتاین دەڵێت: "لای من رۆژێکی تایبەتە و دیارییەک پێشکەشی خێزانەکەم دەکەم".
ئەگەرچی دیارییەکەی سوپرایزە و ئاشکرای ناکات، بەڵام دەڵێت "لەو رۆژەدا گوڵێک لای من هەموو دنیایە، جا لای هەرکەسێکەوە بێت".
دینا چەپکێک گوڵی سوور بۆ کێ دەکاتە دیاری؟
خانمە گۆرانیبیژی ناودار دینا لە رۆژی ڤالانتاین دیارییەک پێشکەشی کەسێکی ئازیزی دەکات و سوپرایزەکە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
ئەو خانمە گۆرانیبێژە رایدەگەیێنێت: "مەرج نییە ئەو کەسەی لە ڤالانتاین دیاری بۆ دەکڕیت خۆشەویستت بێت، بەڵام هاوشێوەی ڤالانتاینی ساڵی رابردوو، چەپکێک گوڵی سوور پێشکەشی مامۆستا هەڵکەوت دەکەم".
ئاریاس ئاهەنگێکی گەورە ساز دەکات
هونەرمەندی ناودار ئاریاس جەڤان، رۆژی ڤالانتاین لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر بە جۆش و خرۆشەوە کۆنسێرتێکی گەورە دەکات و هەوادارانی دەخاتە کەیف و خۆشییەوە.
پەیوەست بە گۆڕینەوەی دیاری، ئاریاس پێیوایە هەموو کەسێک بە دیاری دڵخۆش دەبێت، ئینجا لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت.
ئاریاس بە رووداوی گوت: "حەزدەکەم لە رۆژی خۆشەویستیدا چەپێکێک گوڵ یاخود چەپێک خۆشەویستیم بۆ بێت. لەلایەن هەرکەسێکەوە دیاریم بۆ بێت خۆشحاڵ دەبم، گەر بچووکترین شتیش بێت، چونکە ناوی دیارییە و لای من بە مانای ئەوە دێت کە منی لەبیربووە".
هونەرمەندان هەموویان هاوڕانین لەسەر پێشکەشکردنی دیاری و گوڵی سوور لەو رۆژەدا، هەندێکیان تێڕوانینی جیاوازیان هەیە و هەندێکی تریشیان ئەو رۆژە بە پیرۆز دەزانن.
کارۆخ ئیبراهیم حەکیم بایکۆتی دەکات
کارۆخ، کوڕی هونەرمەندی دیاری کورد ئیبراهیم حەکیم و دەرهێنەر و شانۆکاری دیاری هەولێر، لەبارەی ڤالانتاینەوە دەڵێت "رێز لەوانە دەگرم کە لە ڤالانتاین گوڵی سوور بۆ خۆشەویستیان دەکڕن، بەڵام من جیاواز لەوان بیردەکەمەوە، خۆشەویستی نابێت رۆژی بۆ دیاری بکرێت، بەڵکو دەبێت هەموو رۆژێک خۆشەویستی دەرببڕین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ