یەلدونێ گۆرانییەکی شڤان پەروەر دەڵێتەوە

11-12-2021
پەسار فایەق
نیشانەکردن یەلدونێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەلدونێ هونەرمەندی فارس کە بە چەندین زمان گۆرانی دەڵێت، گۆرانیی 'غەریبێ'ـی هونەرمەند شڤان پەروەر دەڵێتەوە و بڕیارە بەم نزیکانە بڵاوبکرێتەوە.

یەلدونێ بە رووداوی راگەیاند، شێوەزاری کورمانجی لە زمانی کوردیدا هەستی زۆر ناسکی تێدایە، بۆیە لە بەرهەمی داهاتوویدا بەو زاراوەیە گۆرانی گوتووە کە بەرهەمێکی هونەرمەند شڤان پەروەرە بەناوی 'غەریبێ'.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی لە وڵاتەکەی دوورە، غەریبی خۆی لەم بەرهەمەدا بینیوە و هەستی ناسک و غوربەتی تێدایە، شڤان پەروەر بە دەنگ و ستایلی تایبەتی خۆی زۆر بە جوانی ئەدای کردووە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەو هەبووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ هونەرمەند بەهائەدینی زەرین پەنجە، خەڵکی شاری سنە، کار لەسەر ئەم بەرهەمە  کراوە، جگە لە ژەنینی ساز، بە ئامێری دەف، تەنبور و دیوان بەشداریی کردووە و لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە.

یەلدونێ، روونیشیکردەوە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پلانی ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکەی دواخست و بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا گۆرانییەکە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوبکرێتەوە، تەنانەت کۆرۆنا پلانی سازکردنی کۆنسێرتەکانی لە هەرێمی کوردستانیش هەڵوەشاندەوە.

یەلدونێ خەڵکی تارانی ئێرانە، لە 2014ـەوە لە ئیسپانیا نیشتەجێیە، لە 2016ـەوە لەگەڵ گرووپە میوزیکییە جیهانییەکان گۆرانی دەڵێت، لەوانە گرووپی بی سی ئێن وۆرد میوزیک و ئەلقافیلە (رومی مەولانا)، پەیامی گۆرانییەکانی لەبارەی نیشتمان، ژن، ئازادی، عەشق، بەرنگاربوونەوەی دەمارگیری و رەگەزپەرستین.

ئەو گۆرانیبێژە فارسە یەکێک لە عاشقانی زمان و میوزیکی کوردییە و بە سێ شێوەزاری کوردی گۆرانی گوتووە، ئەویش سۆرانی، کەڵهورێ و کورمانجییە.

یەلدونێ، گرووپێکی تایبەت بە خۆی بەناوی 'کابووک' دامەزراندووە، جگە لە زمانی فارسی و کوردی، بە 14 زمانی دیکە گۆرانی دەڵێت، لەوانە ئیسپانی، کەتەلۆنی، ئینگلیزی، هیندی، تورکی،ئەفریقی، ئیتاڵی، یونانی و عەرەبی.

ئەو هونەرمەندە، لە پاڵ کارە هونەرییەکانی، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، ئیسپانی و فارسییە لە زانکۆ لە ئیسپانیا و لە بواری وەرگێڕاندا کاردەکات و چالاکوانی مافی مرۆڤیشە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە