دوو بەرهەمی شانۆکارێکی کورد لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی شانۆیی ئەڵمانیا نمایشدەکرێن

11-05-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'مەم و زین' 'داگیرکردنی تاریکی' ئیحسان عوسمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'مەم و زین' بەرهەمێکی ئۆپێرایی کوردییە لە دەرهێنانی ئێحسان عوسمان، بڕیارە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی 'مای فێست شپیلە' بۆ شانۆ و ئۆپێرا پێشکێشبکرێت.
 
ئیحسان عوسمان، دەرهێنەی ئۆپێرای مەم و زین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دەقەی ئەحمەدی خانی بەر لە 300 ساڵ نووسیویەتی، لە چەند دێڕێکدا باس لە ئێش و ئازاری کورد دەکات، وەک ئەوەی بۆ ئێستا نووسرابێت.
 
ئەحمەدی خانی (1651-1706) شاعیر، نووسەر و رووناکبیری کوردە، توێژەران خانی بە یەکەم کەس هەژمار دەکەن کە لەبارەی کوردایەتی و نەتەوەخوازیی کوردی نووسیبێتی.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو لەو بڕوایەدایە کە هیچ کوردێك نییە ئاشنایی لەگەڵ مەم و زین نەبێت و زانیاری لەبارەی ئەو شاکارە وێژەییە نەبێت و کاریگەری لەسەر دروست نەکردبێت. گوتیشی: "لە منداڵیمدا لە ئاهەنگەکاندا گۆرانی بەسەر مەم و زیندا دەگوترا و کاریگەری لەسەرم دروستکردبووم، بەر لە 42 ساڵ لە شاری دهۆک لە شانۆگەری 'لێبوک داستانی مەم و زین دەگۆڕێ' وەک ئەکتەر بەشداربووم کە لە نووسینی ئیبراهیم سەلمان و لە دەرهێنانی سەعید زەنگەنەیە".
 
'مەم و زین' بەناوبانگترین بەرهەمی ئەدەبی ئەحمەدی خانییە کە هۆنراوەیەکی درێژە و باس لە داستانێکی دڵداری کوردی دەکات، لە 1629 بە شێوەزاری کرمانجی سەروو نووسیویەتی.
 
ئیحسان عوسمان، دەرهێنەری شانۆیی کورد و دانیشتووی ئەڵمانیا، هەروەها گوتی، لە 2009 لەگەڵ گرووپێکی ئەڵمانی لە ئێوارەیەکی میوزیك و گۆرانیدا بەناوی 'مەگەلونەی جوان' کاری کردووە، تێیدا چیرۆکی مەم و زین ئاویتەی کارێکی هونەری کرابوو و دواتر بەهاوکاری بەڕێوبەرایەتیی شانۆ هەولێر لە هەولێر نمایشکرا.
 
لە ئۆپێرای 'مەم و زین' کەڤاڵ سدقی و کریستۆڤ بلێیدت رۆڵ دەگێڕن، کاژێر 15:00ـی 13ـی ئایاری 2023 لە هۆڵی گەورەی ماڵی شانۆی ڤیزبادن لە ئەڵمانیا پێشاندەدرێت.
 
ئەوەشی خستەڕوو، کارێکی ئاسان نەبوو، ئۆپێرایەکی مۆدێرن بەزمانی کورد پێشكێش بکرێت و دڵخۆشە وەک تاکە هونەرمەندی کورد بە دوو بەرهەم لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، پلانی ئەوەشی هەیە ئۆپیرای 'مەم و زین' لە 2024 لە ئەڵمانیا نمایش بکات و هیواخوازە بتوانێت بەرهەمەکە لە کوردستان نمایش بکات.
 
جگە لەم بەرهەمە، بەرهەمێکی دیکەی ئەو شانۆکارە کوردە بەناوی 'داگیرکردنی تاریکی' لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە و کاژێر 19:00ـی 12ـی ئایاری 2023 پێشکێش دەکرێت، دواتر گفتوگۆ لەبارەی هەردوو بەرهەمەکە دەکرێت.

 

 
ئەم بەرهەمە لە رۆمانی 'داگیرکردنی تاریکی'ـی بەختیار عەلی وەرگیراوە کە گەشتێکە بە مێژووی تورکیا و کورد و ململانێ سیاسییەکانی تورکیا لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا.
 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی 'مای فێست شپیلە' بۆ شانۆ و ئۆپێرا لە 30ـی نیسانی 2023 دەستپێکرد و تاوەکو 31ـی ئایار لە ڤیزبادنی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت، بە یەکێک لە رووداوە هونەرییە گرنگەکان لە ئەڵمانیا هەژمار دەکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پێشانگەی یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی لە هەولێر

خۆشنووسێکی کورد تابلۆکانی بە ئەڵماس و زێڕ دەنەخشێنێت

خۆشنووس یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی، لە پێشانگەیەکی خۆشنووسیدا، تابلۆکانی بە ئەڵماس، زێڕ و زیو دەنەخشێنێت و دەیەوێت پێشانگەکە بباتە وڵاتانی کەنداو.