فەرید ئیلهامی لە دوو فیلمدا مێژووی تەنبوور دەگێڕێتەوە

09-08-2022
نیشانەکردن فەرید ئیلهامی تەنبوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەڵگەفیلمەکانی 'تەنبوور' و 'هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان'ـدا لە دەرهێنانی فەرید ئیلهامی، دوای 15 ساڵ وێنەگرتن، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، مێژووی ئامێری رەسەنی کوردی تەنبوور دەخڕێتەڕوو. 
 
فەرید ئیلهامی بۆ سازکردنی بەڵگەفیلمی 'هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان' کە سەبارەت بە مێژووی تەنبوورە لە ئایینی یارسان و کاکەییەکانە و هەروەها لە بەڵگەفیلمی 'تەنبوور' کە سەبارەت بە مێژووی هاوچەرخی تەنبوورە؛ 15 ساڵ وێنەگرتن، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی میوزیکی و مەیدانی ئەنجامداوە و ئەم بەرهەمانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان، هەروەها وڵاتانی ئێران، تورکیا، ئەڵمانیا و سوید وێنەگرتووە. 
 
ئیلهامی گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، توێژەر و ژەنیاری ئامێری تەنبوور، ئێستا لە سلێمانی نیشتەجێیە؛ ماڵی تەنبووری 'ئەیاز'ـی دامەزراندووە و ئەمجارە لە چوارچێوەی دەرهێنەر و توێژەری میوزیکی، بەڵگەفیلمەکانی 'تەنبوور' و 'هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان'ـی سەبارەت بە مێژووی ئامێری رەسەنی کوردی تەنبووری سازکردووە. 
 
ئەم بەرهەمانە بە جۆرێک ئینسکلۆپیدیای ئامێری کوردی تەنبوور دێتە ئەژمار و بەشگەلێک لە ژیانی مامۆستایان و کەڵام خوانانی ئەم ئامێرە باستانی و رەسەنە وێنەگیراوە کە ئێستا لە ژیاندا نەماون و لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، تەواوی هونەرمەندانی دیاری مەقامەکانی تەنبوور ماڵئاواییان لە ژیان کرد، ئیلهامی بۆ بە بەڵگەکردن و تۆمارکردن لە مێژووی میوزیک، لە هەموو کەڵام خوانانی بوارە جۆراوجۆرەکانی تەنبوور، لە بەرهەمهێنانی ئەم دوو بەڵگەفیلمە کەڵکی وەرگرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە