رووداو دیجیتاڵ
77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 14-25ـی ئایاری 2024 لە شاری کەنار دەریایی کانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، پڕۆژەی بەڵگەفیلمێکی کوردی درێژ لە فێستیڤاڵەکە دەبێت و تۆڕی میدیایی رووداو، بەرهەمهێنەری هاوبەشی پڕۆژەکەیە.
دڵپاك مەجید، کچە دەرهێنەرێکی کوردی ئێزدییە و زیاتر لە دوو ساڵە کار بۆ بەڵگەفیلمێک دەکات و لەلایەن فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان هەڵبژێردراوە و پاڵپشتی لە پڕۆژەکەی کراوە، رووداویش هاوبەشێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی فیلمەکەیە.
بەڵگەفیلمەکە بەناوی "من و دایکم"ـە، لەگەڵ هەشت بەڵگەفیلمی دیکە لە بەشی "کان سپۆتلایت"ـی فێستیڤاڵەکە بەشدارە.
ئەو بەشە نۆ پڕۆژەی بەڵگەفیلم لەخۆدەگرێت کە لە قۆناخی جیا جیای بەرهەمهێناندان و بە دوای بەرهەمهێنەردا دەگەڕێن.
لەو بەشەدا بەرهەمهێنەرانی فیلم، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و فێستیڤاڵە سینەماییەکان، بانگهێشتی ئەو بەشەی فێستیڤاڵ دەکرێن بۆ ئەوەی بە پڕۆژەی بەڵگەفیلمەکان ئاشنا بکرێن.
پڕۆژەکان لە ئەنجامی هاوکاری و پێکەوە کارکردن کاریان بۆ کراوە و خەڵاتی "Cannes Docs"یان وەرگرتووە.
دەرهێنەرانی بەڵگەفیلمەکە لەسەر ئەرکی فێستیڤاڵی بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە دەکرێن، پەیوەندی و گفتوگۆیان لەگەڵ بەرهەمهێنەران و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان فیلم لە جیهاندا، بۆ رێکدەخرێت.
"من و دایکم" باس لە ژیانی رۆژانەی دایک و کچێک دەکات کە خاوەنی 40 سەر مەڕ و بزنن، لە دوای مردنی دایکەکە، کچەکە بە تەنیا دەمێنێتەوە و ئەرکەکەی قوڕستر دەبێت.
"Second Act" لە دەرهێنانی کوانتان دیپیو، دەرهێنەری فەرەنسی، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ کان دیاریکراوە.
یەکێک لە ناوە درەوشاوە بەشداربووەکانی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، جۆرج میلەر، دەرهێنەری زنجیرە فیلمی "Mad Max"ـە کە بە فیلمی "Furiosa: A Mad Max Saga" بەشدارە و لە 15 ئەم مانگە، پێشاندەدرێت.
لە 2023 فێستیڤاڵی فیلمی کان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، لە دوای ئەوەی حەوت دەرهێنەری ژن لە بەشی پێشبڕکێدا بەربژێری خەڵاتبوون، بەڵام ئەمساڵ تەنیا چوار ژن بەربژێری خەڵاتن. تاوەکو ئێستا تەنیا سێ ژنە دەرهێنەر خەڵاتەکەیان بردووەتەوە.
هۆلیوود ئامادەبوونێکی بەهێزی لە کان نییە، هۆکارکەیشی مانگرتنی ئەکتەر و نووسەرانی ئەمریکا بوو لە 2023، بەهۆیەوەی بەشێکی زۆر لە پڕۆژە سینەماییەکان دواکەوتن.
بەهەمان شێوە ئەمساڵ، فیلمە هۆلیوودییەکان لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین کەم بوون، هۆکارەکەش مانگرتنی نووسەر و ئەکتەران بوو.
نزیکەی نیوەی فیلمە بەشداربووەکانی لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، بە زمانی ئینگلیزین، ئەمەش ژمارەیەکی دیکەی پێوانەییە لە مێژووی ئەو رووداوە هونەرییەدا تۆمار دەکرێت.
ساڵانە لە فێستیڤاڵەکەدا، ئەستێرەیەکی سینەمای جیهان رێزی لێندرێت و خەڵاتی شانازیی فێستیڤاڵەکەی پێدەبەخشرێت، ئەویش خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینە، ئەمساڵ خەڵاتەکە بە جۆرج لۆکاس دەبەخشرێت، خولی رابردوو بە مایکل دۆگلاس، ئەکتەری ئەمریکی بەخشراوە.
جۆرج لۆکاس (79 ساڵ) بەرهەمهێنەر، نووسەر و دەرهێنەرەی زنجیرە فیلمی سینەمایی "Star Wars" بوو تاوەکو بەشی "Star Wars: Episode III – Revenge of the Sith"ـە لە 2005، هەروەها بەرهەمهێنەرەی زنجیرە فیلمی "Indiana Jones"ـە.
ئەمساڵ ئەو فیلمسازە جیهانییە ناوی لە ریزبەندی یەکەمی لیستی دەوڵەمەندترین کەسایەتییە نێودارەکاندا هات، سامانەکەی بە 5.5 ملیار دۆلار خەملێندراوە.
لۆکاس، لە 2012 کۆمپانیای تایبەت بە خۆی بەناوی "لۆکاس فیلم" بە بڕی چوار ملیار دۆلار بە کۆمپانیای دیزنی فرۆشت، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی دەوڵەمەندییەکەیەتی.
لە دەستپێکی کاری هونەرییدا، وەک نووسەر و دەرهێنەر کاری بۆ فیلمی "American Graffiti" لە 1973 کرد کە بەربژیری خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و باشترین فیلم بوو.
یەکەم سەرکەوتنی ئەو دەرهێنەرە لە رووی داهاتەوە، لە رێگەی فیلمی "Star Wars: Episode IV – A New Hope" بوو لە 1977، ئەوکات وەک پڕداهاتترین فیلم لەو کاتەدا دەستنیشانکرا و شەش خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا.
"نوڕە" لە دەرهێنانی تۆفیق زایدی، یەکەم فیلمی سعودییە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵ بەشدار دەبێت و مێژوویەک بۆ وڵاتەکەی تۆمار دەکات.
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ