رووداو دیجیتاڵ
ئێڵتن جۆن، گۆرانیبێژ و ژەنیاری پیانۆی بەریتانی، بۆ پێشاندانی بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیان و هونەری 50 ساڵەی، لە 49یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ ئاماەبوو.
دەرکەوتنی جۆن لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە، چەند رۆژێک دوای تووشبوونیەتی بە ڤایرۆسێکی ترسناک لە چاوێکیدا کە کاریگەری کردووەتە سەر ئاستی بینینی.
ئەو گۆرانیبێژە تەمەن 77 ساڵە، رۆژی هەینی 6ـی ئەیلوولی 2024 لەگەڵ دەیڤد فۆرنیش، هاوژینە هاورەگەزخوازەکەی لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ دەرکەوت.
بەڵگەفیلمی "Elton John: Never Too Late" ماوەکەی یەک کاژێر و 42 خولەکە، تیشک دەخاتە سەر 50 ساڵ کاری هونەریی جۆن، یەکەم پێشاندانی لە فێستیڤاڵی تۆرۆنتۆ بوو، بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ لە یەکێک لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم بڵاوبکرێتەوە.
فیلمەکە چەند هەڤپەیڤینێک و ڤیدیۆ و وێنەی ئەرشیفکراو لەخۆدەگرێت کە پێشتر بڵاونەکراونەتەوە، بەشێکی فیلمەکەش باس لە پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان ئەو گۆرانیبێژە لەگەڵ دەیڤد فۆرنیش دەکات.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە تۆرێنتۆی کەنەدا لە 5ـی ئەیلوولی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 15 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تورۆنتۆ لە کەنەدا، بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤالەکانی فیلم لە جیهاندا دەناسرێن، لەگەڵ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانس لە ئەمریکا.
بەم دواییە ئێڵتن جۆن، جلوبەرگە تایبەت و گرنگەکانی لە زیادکردنێکی تایبەتدا بۆ فرۆشتن خستەڕوو، داهاتی بۆ دامەزراوەکەیەتی بەناوی ئێڵتن جۆن کە تایبەتە بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز.
لە تەمموزی 2023 ئێڵتن جۆن، دوای نیو سەدە لە کار و چالاکی هونەری، دوایین کۆنسێرتی لە گەشتە هونەرییەکەی لە ستۆکهۆڵمی سوێد پێشکێشكرد کە دوایین کۆنسێرتی بوو لە ژیانیی هونەرییدا و چیتر کۆنسێرت و گەشتی هونەری پێشکێش ناکات.
ئێڵتن جۆن، لە 25ـی ئاداری 1947 لە بەریتانیا لەدایکبووە، وەک گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ژەنیاری پیانۆ ناسراوە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا ناوبانگی زۆری بەدەستهێناوە، بەرهەمەکانی لەلایەن رەخنەگرانەوە پێشوازی لێکراوە.
لە 1962 گرووپی "Bluesology"ـی دامەزراند، بەڵام 1967 وازی لە گرووپەکە هێناو و بەتەنیا وەک هونەرمەندێک کاری کرد. لە 1969 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی "Empty Sky" بڵاوکردەوە، ساڵێک دواتر گرووپێکی دیکەی بەناوی "Elton John Band" دامەزارند و گۆرانییە بەناوبانگەکەی "Your Song"ـی بڵاوکردەوە.
چەندین گەشتی هونەریی لە ژیانیدا ئەنجامداوە، دوایین گەشتی هونەریی لە 2018 دەستیپێکرد و 2023 کۆتایی هات و بەنیاز نییە چیتر گەشتی هاوشێوە ئەنجام بدات. گەشتە هونەرییەکە بەناوی "Farewell Yellow Brick Road" بوو و بە پڕداهاتترین گەشتی هونەری دەناسرێت.
لە 2019ـدا فیلمێک لەبارەی ژیان و هونەری ئەو هونەرمەندە بەناوی "Rocketman" بڵاوکرایەوە و خەڵاتی بافتا و گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێنا.
جۆن، یەکێک لەو کەسانەیە کە لە هەشتەکانی سەدەی رابردووەوە کاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز کردووە، لە 1992 دامەزراوەیەکی بەناوی ئێلتن جۆن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دامەزراند.
لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بوو، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری، لە 1990 بەیەکجاری توانی لە بەکارهێنانی دوورکەوێتەوە. لە 2005ـدا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ دەیڤید فۆرنیش، دەرهێنەری کەندی دانا و لە 2014ـدا ژیانی هاوژینییان پێکهێنا، ئەمەش لە دوای ئەوەی لە ئینگڵتەڕا و وێلز یاسای تایبەت بە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە نێوان هاورەگەزخوازەکان دەرچوو. ئێستاش خاوەنی دوو منداڵن لە رێگەی دایکی جێگرەوە.
زیاتر لە 300 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە فرۆشراون. لەو 19 هونەرمەندانەیە کە خەڵاتی "EGOT" وەرگرتووە، پێکهاتووە لە خەڵاتی ئێمی، پێنج خەڵاتی گرامی، دوو خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی تۆنی. هەروەها براوەی دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، لۆرەنس ئۆلیڤییە و خەڵاتی شانازیی دامەزراوەی کێنێدییە.
"EGOT" کورتکراوەی خەڵاتەکانی ئێمی، گرامی، ئۆسکار و تۆنییە کە چوار گرنگترین خەڵاتی هونەرین لە ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ