رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند رۆژین رایگەیاند، دوای ئەوەی لە ئاهەنگی سەری ساڵ لە زاخۆ بەشداربووم، کۆمەڵێک کەس هەستابوون بە دانانی ڤیدیۆی شەوی ئاهەنگەکە بە شێوازێکی ناشرین و هەڕەشەیان لێ دەکردم، بۆیە سکاڵام تۆمارکرد.
لە 21ـی کانوونی یەکەمی 2024ـوە تاوەکو شەوی سەری ساڵ، کۆمەڵێک چالاکی و ئاهەنگ بە ئامادەبوونی هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان لە گۆڕەپانی پردی دەلال لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سازکران. رۆژینیش یەکێک بوو لەو هونەرمەندانەی بەشداربوو.
رۆژی پێنجشەممە، 9ی کانوونی دووەمی2025، هونەرمەند رۆژین ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە زاخۆی ئاهەنگێکی موزیکی بەڕێوەچوو، هەزاران کەسی کۆکردەوە، من یەکێک بووم لەم هونەرمەنەدانەی لەم ئاهەنگەدا دڵخۆشی خۆمم بە سەما دەربڕی."
ئەو هونەرمەندە گوتیشی، "بەڵام بەداخەوە ئەم رووداوە کە بڕیار بوو ساتێکی شانازی و هاوئاهەنگی بێت، کەوتمە ژێر سێبەری هێرشی ناشیرینکردن و بێڕێزی. هەندێک کەس بە مەبەستی سیاسی بە گوتاری سێکسی و رەگەزپەرستانە منیان بە ئامانج گرت."
بە گوتەی رۆژین، "لە دوای ئاهەنگەکە کەسێک هەڕەشەی کوشتن و زمانبڕینی لێکردووە."
رۆژین ئاماژەی بەوەدا، "ئەمڕۆ لە تورکیا و هەرێمی کوردستان سکاڵای لەسەر ئەو کەسە تۆمارکردووە کە هەڕەشەی لێکردووە و ڤیدۆی ناشرینی لەسەری لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان بڵاوکردووەتەوە، کە خەڵکی دهۆکە."
لەبارەی سکاڵاکەوە رۆژین دەڵێت، "نایکشێنمەوە، لەسەر هەموو ئەوانەشی تۆماردەکەم کە ڤیدیۆی من بە شێوازێکی ناشرین دادەنێن و قسەی نەشیاو دەنووسن."
بە گوتەی رۆژین، " لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی گۆڕانی کوردییەوە چەندین جار رووبەڕووی دادگە کراوەتەوە و زیندانی کراوە."
هونەرمەند رۆژین ئەحمەد ئولکەر، لە ساڵی 1980 لە شاری ئەدەنەی تورکیا لە دایکبووە، باوکی خەڵکی باکووری کوردستانە و دایکیشی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە ساڵی 1996 یەکەم ئەلبوومی خۆی تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کورد بوو نەیتوانی بڵاوی بکاتەوە تاوەکو ساڵی 2000 کە ئەوکات یەکەم ئەلبوومی خۆی بڵاوکردەوە و ئێستا خاوەنی 14 ئەلبوومە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ