کۆشکی زنجیرەی 'Succession' سووتا و بەهاکەی 125 ملیۆن دۆلارە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن Succession
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەوانەی بینەری زنجیرەی "Succession" بوونە، کۆشکە جوان و گرانبەهاکەی نێو وەرزی چوارەمی زنجیرەکەیان بینیوە، بەهۆی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسەوە سووتاوە و بەهاکەی 125 ملیۆن دۆلارە.
 
خانووەکە 18 ژووری خەوتن و شەش گەرماوی لەخۆدەگرت و لە وەرزی چوارەم و کۆتایی زنجیرەکە بەکارهێنرابوو کە شوێنی کۆبوونەوەی ماڵباتی "رۆی" بووە. 
 
کۆشکەکە بەناوی "سان ئۆنۆفری"یە و لە 2021 ئۆستن راسڵ، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای "Luminar Technologies" بە بڕی 83 ملیۆن دۆلار کڕیویەتی و دەکەوێتە سەر زنجیرە چیای سانتا مۆنیکا و نرخەکەی بە 125 ملیۆن دۆلار خەملێندرابوو.
 
کۆشکەکە لە 2020 دروستکراوە و بەر لەوەی بسووتێ، بۆ کرێ بەردەست بوو و کرێی یەک مانگی 450 هەزار دۆلار بوو.
 
کۆشکەکە سینەمایەکی لەخۆگرتبوو کە جێگەی 20 بینەری تێدا دەبووەوە، جگە لە شوێنی وەرزشکردن لە دەرەوەوە و ناوەوەی، مەلەوانگە ئاوی گەرم و ساردی لەخۆگرتبوو و دەرگەی ژوورەکانی گوللـەنەبڕ بوون.
 
لە نێو باخچەی کۆشکەکەدا پەیکەرێکی برۆنزی هەبوو و کێشی زیاتر لە 90 کیلۆ بوو و لە تایلەندەوە هاوردەکرابوو، بە گەشتی کەرستەی گرانبەها و دەگمەن لە دروستکردنی کۆشکەکەدا بەکارهاتبوون.
 
زنجیرەکە لە "تۆڕی ئێج بی ئۆ" بڵاوکراوەتەوە و یەکەم کۆشکی نێو زنجیرەکان نییە دەسووتێ، بەڵکو بەم دواییە کۆشکی نێو زنجیرەی "Hacks"ـیش سووتا.  
 
 لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رووبەڕووی پێنج ئاگری فراوان لە پێنج ناوچەی جیای دەووروبەری شاری لۆس ئەنجلس بوونەتەوە، بۆیە باری لەناکاو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا راگەیێندراوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی کالیفۆرنیا، تاوەکو ئێستا 24 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئاگرەکەش بووەتە هۆی سووتانی زیاتر لە 15 هەزار هێکتار رووبەری زەوی و دوو ناوچەی باشووری ویلایەتەکە زۆر زیانیان بەرکەوتووە، ئەوانیش ناوچەکانی پالیسێدیسە و ناوچەیەکی گرانبەهای لۆس ئەنجلسە و زۆربەی ئەستێرەکانی هۆڵیوود خانوو و ڤێلایان لەو ناوچەیە هەیە. تائێستا زیاتر لە نۆ هەزار و 500 هێکتار زەوی سووتاوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیوویانە تەنیا 11٪ـی ئاگری ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن.
 
ئاگرێکی دیکە لە ناوچەی تیتۆنە کەوتووەتەوە کە تائێستا تەنیا 15٪ـی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و زیاتر لە پێنج هەزار و 600 هێکتار رووبەری زەوی سووتاوە.
 
بەرپرسانی ویلایەتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، تا ئێستا 12 هەزار ماڵ، باڵەخانە و ئۆتۆمبێل سووتاون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 180 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە و روویان لە ناوچەکانی دیکەی شاری لۆس ئەنجلس کردووە.
 
ئەو ئاگرەی باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە سرووشتییەکانی ئەو ویلایەتە هەژمار دەکرێت، تائێستا زیانی ئاگرەکە بە نزیکەی 150 ملیار دۆلار خەملێندراوە.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە