بریتنی سپیرز خانووە 7.4 ملیۆن دۆلارییەکەی چۆڵ دەکات

11-01-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن بریتنی سپیرز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بریتنی سپیرز، گۆرانیبێژی ئەمریکی، بەهۆی ئاکرکەوتنەوەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، خانووەکەی چۆڵ دەکات کە نرخەکەی بە 7.4 ملیۆن دۆلار خەملێندراوە.
 
بەشێکی زۆر لە ئەستێرە هۆلیوودییەکان لە لۆس ئەنجلس دەژین، بەهۆی ئاگرەکەوە ماڵەکانیان سووتاوە، لەوانەش ماڵی بیڵی کریستاڵ، ئەکتەری کۆمێدی ئەمریکی، ئەنتۆنی هۆبکێنز، ئەکتەری وێڵزی، پاریس هیڵتن، سەرمایەدار و ئەکتەری ئەمریکی، جێمس وۆدس، ئەکتەری ئەمریکی و مایڵس تەلەر، ئەکتەری ئەمریکی.
 
ئادەم ساندلەر، تۆم هانکس، بێن ئافلێک و ستیڤن سپێلبێرگ لە ئەستێرە دیارەکانی هۆلیوودن کە ماڵەکانیان لەو شارەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانیان بەرنەکەوتووە.
 
لەنێو ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، سانتا مۆنیکا و مالیبون، کە بەهای بەشێک لە خانووەکانیان زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە. ئاگرەکە لە پێنج ناوچەی جیاوازی سنووری لۆس ئەنجلسەوە سەریهەڵداوە و زیاتر لە 14 هەزار هێکتار زەوی سووتاوە.
 
نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دەژین کە سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیایە. شارەکە زۆرترین چڕیی دانیشتووانی تێدایە لە ئەمریکا؛ نرخی موڵک و باڵەخانەکانی لۆس ئەنجلس زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلارە.
 
بەهۆی ئاگرەکە و کاریگەرییەکانی تاوەکو ئێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە، 153 هەزار کەس فەرمانیان پێکراوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و 10 هەزار خانوو و باڵەخانە سووتاون، هەروەها 400 هەزار کەسیش کارەبایان لەسەر بڕاوە. هەریەک لە کەنەدا، ئوسترالیا، رێکخراوی خاچی سوور و چەندین رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتی؛ لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە هاوکاری ئەمریکا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە