رووداو دیجیتاڵ
رابەر کوردستانی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'سەما' بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاودەکاتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-7-2022 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە بینراوەکان بڵاوبکرێتەوە.
رابەر کوردستانی، بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە بە هاوکاری دەستەی هەڵپەڕکێی نیشتمان بەرهەمهێنراوە. گوتیشی، سەما بەرهەمێکی شاد و هەڵپەڕکێیە و لە دوو گۆرانی هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی پێکهاتووە و بە دەنگی ئەو و بە میوزکێکی نوێ تۆمارکراونەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامانج لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆر بەرهەمانە بە میوزیکێکی نوێ و تۆمارکردنێکی سەردەمیانە، تەنیا بۆ زیندوو راگرتنی ئەم بەرهەمانەیە کە ئێستا مەترسی لەناوچوون و لەبیرکردنیان لەلایەن نەوەی ئێستاوە هەیە.
کوردستانی، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لە بەسەرکردنەوەی ئەو شێواز بەرهەمانە بەردەوام دەبێت و بە پێویستی دەزانێت گەنجی کورد بەو جۆرە بەرهەمانە ئاشنا بێت.
کاری دابەشکردنی میوزیکی بەرهەمەکە لەلایەن فەرهادی کووهی و بە ژەنیاری کەریم ساڵحی و ئومید دەبباغی ئەنجامدراوە، کاری دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکەش لەلایەن ناسر حەیدەری کراوە.
ڤیدیۆکلیپەکە لە نێو سرووشتێکی بەهاری جوان وێنەگیراوە، ئەویش بناری سوورکێو لە بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ