پەیام عەزیزی شەوانە سروودی ئایینی لە رووداو پێشکێش دەکات

07-04-2022
پەسار فایەق
پەیام عەزیزی - فۆتۆ: بڵند تاهیر
پەیام عەزیزی - فۆتۆ: بڵند تاهیر
نیشانەکردن پەیام عەزیزی پاشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەبۆنەی مانگی رەمەزان، شەوانە سروودی ئایینی پێشکێش بە هۆگرانی میوزیکی تەسەوف دەکات. 
 
'پاشیڤ' کاژێر یەک تاوەکو سێی بەرەبەیان لە نێو یەکێک لە خانووە دێرینەکانی قەڵای هەولێر پێشکێش دەکرێت، سروودی ئایینی یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی بەرنامەکەیە.
 
پەیام عەزیزی، لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی لە هەولێر، شەوانە چەند سروودێکی ئایینی پێشکێش دەکات.
 
گرووپەکە لە شەش ژەنیار پێکهاتوون، شیاو کەمال (ڤایۆلین)، رێبوار عەبدوڵڵا (دەف)،  زانا ئەنوەر (قانوون)، رەزوان خەلیل (نەی)، لێزان قادر (عود) و رێوان رەشاد (دەف)، شەوانە ئاوازی سروودەکانی عەزیزی و چەند پارچە میوزیکێک دەژەنن.
 
پەیام عەزیزی لە ماوەی ئەم مانگەدا، سروودەکانی 'ئەڵڵا مەدەد'، 'یا رەسووڵەڵڵا یا شای مەدینە'، 'لەبەیک'، 'موسوڵمانان'، 'محەممەد رەسووڵەڵڵا'، 'حەبیبی یا رەسووڵەڵڵا'، 'دەردی هیجران'، 'تەلەعە ئەلبەدر و عەلەینا'، 'ئەی پەنای عاسیان'، 'ئەڵڵا ئەڵڵا یا ئەڵڵا'، 'یا فەردی ئەعزەم'، 'بێ وەفا'، 'سوڵتان ئەڵڵا'، 'حەبیبم ئەڵڵا' و چەندین بەرهەمی دیکە پێشکیش دەکات. 
 
لە 'پاشیڤ'ـدا، پەیام عەزیزی جگە لە سروودخوێندن، وەک پێشکێشکار لە پاڵ هەریەک لە پێشکێشکاران سەفقان ئۆرکێش، د. ئادەم بێدار و بانوو دڵشاد بەشدارە.
 
پەیام عەزیزی لە 16-12-1974 لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە نێو ماڵباتێک پەروەردە بووە کە گرنگیان بە میوزیکی عیرفانی و تەسەوف داوە، بەر لەوەی ببێتە سروودخوێنی ئایینی، قورئانخوێن بووە، لە 1994 لە پێشبڕکێیەکی قورئانخوێندندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. 
 
خاوەنی هەشت ئەلبوومی سروودی ئاینییە، یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'باقدسيان' لە ئاوازەکانی محەممەد جەلیل عەندەلیبی بڵاوکردەوە، جگە لە بڵاوبوونەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەم بەرهەمە لە ئیمارات، عەمان، سودان و ئەوروپاش بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەو سروودبێژە کوردە پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەند سامی یوسف، هونەرمەندی ئازەری هەیە و دوو سروودی عەزیزی گوتووەتەوە، ئەویش سروودی 'یا رەسوڵەڵا یا شای مەدینە' بە زمانی کوردی و سروودی 'ئەلموسلمین' بە زمانی فارسی.
 
عەزیزی، لە 2016 کاری لەگەڵ هونەرمەندان رەزا سادقی، سەعید شەهروز، محەممەد عەلیزادە، مەهدی یارحی و مورتەزا پاشایی کاری کردووە، هەروەها لەگەڵ ئاوازدانەر و موچتەبا میرزادە ژەنیاری کورد و گرووپی میوزیکی کامکاران کاری کردووە.
 
لە 2016 کۆنسێرتێکی سروودخوێندنی لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان سازکرد و ئامانج لێی کۆکردنەوەی هاوکاری بوو بۆ منداڵە بێ دایک و باوکەکان، لە 2017 سەردانی رووسیای کردووە و چەند چالاکییەکی هونەریی ئەنجامداوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە