رووداو دیجیتاڵ
فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، لە 17 رۆژدا و لە سینەمای حەوت وڵاتی عەرەبی، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بەدەستدێنێت.
کۆمپانیای ئیمپایەر کە هاوبەشی کۆمپانیای سۆنی پیکچەرزی ئەمریکییە، لە 18ـی تەمموزی 2024 فیلمەکەی لە سینەمای وڵاتانی عەرەبی بڵاوکردەوە و ئەو داهاتەی تەنیا لە حەوت وڵاتەیە، چونکە پێشتر لە هەردوو وڵاتی تونس و مەغریب بە جیا بڵاوکراوەتەوە.
ئەو کۆمپانیایە کە سینەمای لە هەولێر هەیە، رایگەیاند، فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، تەنیا لە بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبی، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار داهاتی بەدەستهێناوە.
زۆرترین بینەری فیلمەکە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە ئیمارات بووە، 44 هەزار و 34 بینەری هەبووە و داهاتی 599 هەزار و 186 دۆلارە، قەتەر لە ریزبەندی دووەمدا دێت، ژمارەی بینەرانی 13 هەزار و 729 بینەر و داهاتی 200 هەزار و 92 دۆلارە.
سێیەم وڵات سعودیەیە و حەوت هەزار و 479 بینەر و داهاتی 91 هەزار و 571 دۆلارە، بەحرێن شەش هەزار و 739 بینەر و 78 هەزار و 938 دۆلار داهاتیەتی.
عومان لە ریزبەندیی پێنجەمدا دێت، داهاتی 29 هەزار و 328 دۆلارە و سێ هەزار و 189 کەس بینیویەتی، لە ئوردن 504 بینەر و چوار هەزار و 894 دۆلار داهاتی بووە و نمایشەکەی وەستاوە. لە لوبنانیش 243 بینەر و هەزار و 711 دۆلار داهاتیەتی. کۆی داهاتی لە سینەماکانی حەوت وڵاتی عەرەبی یەک ملیۆن و 5 هەزار و 722 دۆلارە.
هەروەها ئەم بەرهەمە، لە 21ـی تەمموزی 2024ـەوە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان پێشان دەدرێت، داهاتی لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر 85 ملیۆن و 900 هەزار دینارە و شەش هەزار و 300 بینەری بینیویانە، لە ستی سینەمای سلێمانی 71 ملیۆن و 500 هەزار دینار و حەوت هەزار و 100 بینەری هەیە، لە سینەمای دهۆک مۆڵی دهۆک 10 ملیۆن و 900 هەزار دینار داهاتیەتی و هەزار بینەری هەبووە، کۆی گشتی داهاتی 168 ملیۆن و 400 هەزار دینارە و ژمارەی بینەرانی 14 هەزار و 500 بینەرە.
هەڵکەوت مستەفا، ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی تەمموزی 2024 میوانی بووڵتەنی ئابووری رووداو بوو و لەبارەی بۆچوونی جیاوازی پێکهاتەکان بۆ فیلمەکە دەڵێت، "سەرنجی من گێڕانەوەی چیرۆکەکەیە بە زمانێکی سینەمایی، هیوادارم بینەران لە من تێبگەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشوازی بینەران لە فیلمەکە سنووری چاوەڕوانییەکانی ئەوی تێپەڕاندووە و لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە لە نێو سیستەمی بۆکس ئۆفیسدا دەڵێت، وەک ئەوە وایە سیاسی بیت و لە کۆشکی سپی پێشوازیت لێبکرێت.
تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا نەدراوە و دەرهێنەری فیلمەکە پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنەواری عێراق دەکات.
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج فیلمەکەی بەرهەمهێناوە.
بڕیارە ئەم بەرهەمە ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان بڵاوبکرێتەوە و یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیە بوو و لە چەندین وڵاتی ئەورووپی و عەرەبی پێشاندانی تایبەتی بۆ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ