رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتەکانی ئێم تی ڤی بۆ فیلم و بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکانی 2022 دابەشکران و ژمارەیەک هونەرمەند و بەرهەمی هونەری خەڵاتکران، لە خولی ئەمساڵدا چەند خەڵاتێکی سەیر هەبوون.
خەڵاتەکان رۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا، لە سانتا مۆنیکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، دابەشکران و فیلمی سینەمایی 'Spider-Man: No Way Home' خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێنا و تۆم هۆلاند، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی بەدەستهێنا.
لە بەشی باشترین فیلمدا، فیلمی 'Spider-Man: No Way Home' کێبڕکێی لەگەڵ 'Dune'، 'Scream'، 'Shang-Chi and the Legend of the Ten Rings'، 'The Adam Project' و 'The Batman' دەکرد.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن، بە زیندانیا، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی سینەمایی 'Euphoria'.
'Euphoria' جگە لەو خەڵاتە، توانی خەڵاتی باشترین بەرهەمی تەلەڤزیۆنی، باشترین شەڕکردن و باشترین پەیوەندی کاتی بەدەست بێنێت، جگە لەم دوو خەڵاتە سەیرە کە بەم بەرهەمە بەخشرا، ئەمساڵ خەڵاتێکی دیکەی تایبەت بە جوانترین ماچیش هەبوو.
ئەو بەرهەمانەی هەودارای زۆریان هەیە، دەبن بە براوی خەڵاتەکانی ئێم تی ڤی، چونکە بە دەنگدانی خەڵک بەرهەمە براوەکان دەستنیشان دەکرێن.
زیندانیا و خۆشەویستەکەی تۆم هۆلاند، بوون بە براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە هەردوو بەشی ژن و پیاواندا، بەڵام هەردووکیان لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکاندا ئامادە نەبوون.
براوەی خەڵاتەکان زیاتر هونەرمەندە گەنجەکان بوون، بەڵام جێنیفەر لۆپێز خەڵاتی نەوەی وەرگرت، هەروەها خەڵاتی باشترین گۆرانیی لەرێگەی گۆرانیی 'On My Way' لە فیلمی 'Marry Me' بەدەستهێنا.
خەڵاتێکی دیکەی سەیر لە رێوڕەسمەکەدا دابەشکرا، ئەویش خەڵاتی باشترین شەڕانگێز بوو کە بە دانیال رادکلێڤ، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی سینەمایی 'The Lost City' بەخشرا.
خەڵاتی باشترین پاڵەوانی فیلم، بە سکارلێت جۆهانسن لە فیلمی سینەمایی 'Black Widow' بەخشرا، خەڵاتی باشترین نواندنی کۆمیدی، بە رایان رینۆڵدز لە فیلمی 'Free Guy' بەخشرا.
خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی میوزیکی بە ئۆلیڤیا رۆدریگۆ بۆ بەڵگەفیلمی 'Olivia Rodrigo: driving home 2 u' بەخشرا.
خەڵاتی ئێم تی ڤی بۆ فیلم و بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان، لە 1992ـەوە، ساڵانە لەلایەن کەناڵی ئێم تی ڤی پێشکێش دەکرێت و ئەمساڵ 30یەمین خولی بەڕێوەچوو، دەنگدان لەسەر بەرهەمە بەربژێرکراوەکان، لە ماڵپەڕێکی تایبەت بەو خەڵاتە دەبێت و خەڵک دەتوانێت دەنگیان لەسەر بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ