رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی جگەرخوێن بۆ داهێنان لە بواری شیعر و خزمەتکردنی ئەدەب و رۆشنبیری کوردی، بەخشرایە شاعیر بەدرخان سندی.
رۆژی یەکشەممە 4-12-2022، لیژنەی خەڵاتی جگەرخوێن بۆ داهێنان، خەڵاتەکەی لە بواری شیعر و خزمەتکردنی ئەدەب و رۆشنبیری کوردی بەخشییە بەدرخان سندی، شاعیر و ئەدیبی کوردی، بەو پێیەی "یەکێکە لەو شاعیرانەی بە بەرهەمی ئەدەبی و فەرهەنگی خۆی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کردووە."
بەدرخان سندی لە ساڵی 1946 لە زاخۆ لەدایکبووە، لە زانکۆی وێڵز لە بەریتانیا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە، مامۆستای زانکۆ بووە.
بەدرخان لە نێوان ساڵانی 1979 و 1996 بە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە هەولێر هەڵبژێردرا. ساڵی 1970 وەک سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی چەند گۆڤارێک کاریکردووە، وەکو چیا و شەمس کوردستان.
هاوکات ساڵانی 1990-1996 سەرنووسەری هاوکاری، بەیان، رەنگین، هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری کوردی بووە. چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەشی هەیە.
لیژنەی خەڵاتی جگەرخوێن، خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە شاعیر محەممەد فەرمانیش، وەک یەکێک لە شیکەرەوە و بڵاوکەرەوەکانی شیعری جگەرخوێن.
محەممەد فەرمان ساڵی 1950 لە قامشلۆ لەدایکبووە، ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، ساڵانێکی زۆرە شیعری کلاسیکی دەنووسێتەوە، هاوشێوەی شیعری شاعیر جگەرخوێن.
ئەندامانی لیژنەی خەڵاتی جگەرخوێن لە خولی نوێیدا لە هەریەک لەم شاعیر و نووسەرانە پێکهاتوون:
- بونیە جگەرخوێن
- موئەیەد تەیب
- فەتاح تیمار
لیژنەی خەڵاتی جگەرخوێن لە یەکێتیی گشتیی نووسەران و رۆژنامەنووسانی کورد لە سووریا پیرۆزبایی لە بەدرخان سندی شاعیر کرد کە لەو خولە نوێیەیدا ئەو خەڵاتەی بەدەستهێناوە. هاوکات هیوای خواست "تەندروست و تەمەن درێژ بێت بۆ داهێنانی زیاتر کە خزمەت بە کتێبخانەی کوردی بکات."
لیژنەکە پیرۆزبایی لە محەممەد فەرمانی شاعیریش کرد بەرامبەر بەو رێزلێنانەی پێی بەخشرا وەک یەکێک لە گرنگترین ئەو شاعیرانەی کە شیعرەکانی جگەرخوێن دەگێڕێتەوە.
تاوەکو ئێستا هەریەک سەیدایی کلش، بی بەهار، مەلا نووری هەساریی، محەممەد عەلی، کونێ رەش، دەهام عەبدولفەتاح، فەرهاد عجمۆ، دڵدار مێدی، کچا کورد و خەلیل ساسۆنی خەڵاتی جگەرخوێنیان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ