رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند گارە سازکار، نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'دەنگێ دل' بەشێوەی دیجیتاڵ لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بڵاودەکاتەوە و دوو تراکی بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهێناوە.
گارە سازکار، بە رووداوی راگەیاند، ئەلبوومە نوێیەکەی بەناوی 'دەنگێ دل' لە حەوت تراکی گۆرانی پێکهاتووە و تانجو دومان کاری میوزیک و میکس و ماسترینگی بۆ کردووە، گۆرانییەکان لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر تۆمارکراون و کەناڵی تایبەت خۆی بەناوی سازکار میوزیک لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوو تراکی ئەلبوومەکە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهاتوون و لە دەرهێنانی تانجو دومانە و دەنگ و رەنگی بەشێوەی سینەمایی بەرهەمهاتوونە.
ئەو دوو بەرهەمەی هونەرمەند بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمی هێناون بەناوی 'سەبرا دلا' و 'خەنسە خاتوون'ـە کە لە تێکست و ئاوازی فۆلکلۆرن و هەفتەی رابردوو بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرانەوە.
'وەرە وەرە' لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی ئەو هونەرمەندەیە کە بەرهەمی گرووپی 'ل دنێ'یە و زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
گارە سازکار خەڵکی باشووری کوردستانە و لە 1980 بووەتە پێشمەرگە و لە هەمان ساڵدا دەستی بەکاری هونەری کردووە، ساڵی 1981 روویکردووەتە رۆژئاوای کوردستان و هەشت بەرهەمی لەسەر کاسێت بڵاوکردووەتەوە، ساڵی 1985 روویکردووەتە ئەوروپا و ئێستا لە دانیمارک دەژی و خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانییە.
ئەو هونەرمەرندە لە 2020 ئەلبوومێکی گۆرانیی بەناوی 'بیریا تە دکم' بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکردەوە کە لە 10 تراکی گۆرانی پێکهاتبوو و گۆرانییەکان لە ئاوازی خۆیەتی و بەشێکی زۆری تێکستی گۆرانییەکانیشی نووسیوە.
یەکێک لە تراکەکانی نێو ئەو ئەلبوومە بەناوی 'عەشرەت هاوارە'یە کە لە تێکستی پیرەمێرد، شاعیری کوردە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە.
سازکار لەبارەی ئەم بەرهەمەی پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو "بەرهەمی عەشرەت هاوارە، گۆرانییەکە بۆ یادکردنەوەی رووداوێکی گرنگە لە مێژووی خەباتی سیاسی کوردستاندا، ئەویش پەڕینەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بوو لە رووباری ئاراس لە 18ی حوزیرانی 1947 و بەڕێکەوتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ