تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی هەولێر بەشداری لە فێستیڤاڵێک لە چیک دەکات

03-06-2024
پەسار فایەق
راهێنانی ئەندامانی تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی هەولێر
راهێنانی ئەندامانی تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی هەولێر
نیشانەکردن تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی هەولێر، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەریی هەولێر، بەشداری لە فێستیڤاڵێکی کولتووری گەلان لە چیک دەکات و بڕیارە چەند تابلۆیەکی هونەری پێشکێش بکات.
 
هیمداد لەشکری، بەرپرسی بەشی کەلەپوور و هونەرە میللییەکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەریی هەولێر و پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵێکی کولتووری، روو لە وڵاتی چیک دەکەن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو تیپە هونەرییە رۆژانە ئامادەکاری و راهێنان لە هۆڵی رۆشنبیری هەولێر دەکەن، بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا کە 80 وڵات تێیدا بەشدارن و نمایشەکانیان لە 23ـی حوزەیرانی 2024 دەبێت.
 
تابلۆکانی بڕیارە ئەو تیپە کوردییە پێشکێشی بکات، بریتین لە تابلۆی "درووێنە"، "کوێستان"، "لۆرکێ"، "بێری" و "نەورۆز". 
 
لەشکری، روونیشیکردەوە، تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی هەولێر کە بە تیپی دایک ناسراوە، رێککەوتن کراوە کە بە نوێنەرایەتیی چوار پارچەی کوردستان و بە ئاڵای کوردستانەوە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە بێت.
 
تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی هەولێر، سەر بە بەشی کەلەپوور و هونەرە میللییەکانی هەولێرە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێرە، لە ژمارەیەکی زۆر لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا نوێنەرایەتیی کوردستانی کردووە و چەند خەڵاتێکیشی بەدەستهێناوە، بەتایبەتیش لە رێگەی تابلۆی "دروێنە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە