رووداو دیجیتاڵ
نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کرێکاران لە ئەنقەرە دەستیپێکرد. بە فەرمانی قایمقامی چانکایا فیلمی سەرەتای فێستیڤاڵەکە ناوی 'حوکمی یاسا' بوو، کاژێرێک پێش نمایشکردنی قەدەخە کرا. دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت: "ئەوە سانسۆر نییە، کودەتای سینەمایە".
نمایشی ئەم فیلمە پارساڵ لە 60ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی پرتەقاڵی زێڕینی ئانتاڵیا دوورخرابووەوە، چاوەڕوان دەکرا لە نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کرێکاران نمایش بکرێت.
نەجلە دەمیرجی، دەرهێنەری فیلمەکە لەبارەی قەدەخەکردنی نمایشی فیلمەکە رایگەیاند: "بە تەواوی نایاساییە. بە تاوانبارناساندنی فیلمێک گورزێکە لە سینەمای تورکیا".
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵوو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پۆستێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: "ئەوان لە دەرکەوتنی ئەو راستیانە و واقیعی یاسای فەرمانەکە دەترسن. خەڵکی ئەم وڵاتە لە شەوێکدا بوونە تیرۆریست. پاسپۆرتەکانیان هەڵوەشایەوە، پێیاندەگوترا بە هێمنی لە پەراوێزدا بمرن".
'حوکمی یاسا' فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی 96 خولەکییە، ساڵی 2023 لە تورکیا بەرهەمهێندراوە. باسی کێشەی ئەو کەسانە دەکات کە دوای هەوڵی کودەتاکەی 2016 بە بڕیارنامەی باری نائاسایی و بە واژۆی سەرۆکایەتی کۆمار بە تۆمەتی بەشداریکردن لە هەوڵی کودەتاکە لە کار لادران.
بە بریارنامەی باری نائاسایی 125 هەزار و 678 فەرمانبەری کەرتی گشتی لەسەرکار لادران، سێ هەزار و 213 فەرمانبەر پۆست و پلەکانیان لێوەرگیرایەوە، 270 خوێندکار لە خوێندنی دەرەوەی وڵات دەرکران، دوو هەزار و 761 دامەزراوەی وەک کۆمەڵە، وەقف، بەشی ناوخۆیی قوتابیان، تەلەڤیزیۆن و رۆژنامە داخران.
نێوەڕاستی ساڵی 2022 بڕیاردرا 17 هەزار و 265 فەرمانبەری کەرتی گشتی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
زۆربەی ئەوانەی بە بڕیارنامەی باری نایاسایی لەسەرکار لادراون، پاسپۆرتەکانیان پێنەدراونەتەوە و ناتوانن بچنە دەرەوە.
حکومەتی تورکیا گولەنییەکان بە ئەنجامدەری هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەممووزی 2016 تۆمەتبار دەکات و لەو کاتەوە گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی ئەو جەماعەتە بەردەوامن.
خوڵوسی ئاکار، کە ئەوسا وەزیری بەرگریی بوو لە 8-1-2022 رایگەیاند: "لە کاتی هەوڵی کودەتاکەوە تاوەکو ئێستا 24 هەزار و 230 فەرمانبەر و کارمەندی کەرتی گشتی بە تۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ جەماعەتی گولەن، لەکارلادراون".
محەممەد فەتحوڵڵا گولەن، رابەری جەماعەتی گولەنییەکان کە لە ویلایەتی پەنسیلڤانیای ئەمریکا دەژی، رەتیدەکاتەوە دەستیان لە هەوڵێکی وەهادا هەبووبێت.
حکومەتی تورکیا چەند جارێک لەڕێی پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە داوای لە ئەمریکا کردووە گولەن رادەستی ئەنقەرە بکاتەوە، بەڵام ئەو داواکارییانە بێ وەڵام بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ