ئەمەل کلۆنی خەڵاتی سەرکردایەتی لە رێوڕەسمی 'DVF' وەردەگرێت

02-09-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'DVF' ئەمەل کلۆنی نادیە موراد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمەل کلۆنی، هاوژینی جۆرج کلۆنی، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی، خەڵاتی سەرکردایەتی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی 'DVF' وەرگرت کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
 
ئەمەل کلۆنی، بەهۆی چالاکییەکانی و بەرگریکردنی لە زۆرلێکراوەکانی سەرتاسەری جیهان، خەڵاتەکەی پێبەخشرا و لەگەڵ هاوژینەکەی لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو.
 
رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە 31ـی ئابی 2023 لە شاری ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو و 14 ساڵە بەردەوامە و لەلایەن دیان ڤۆن فیورستنبێرگ، دیزاینەری بەلجیکی سازدەکرێت، ناوەکەی لە پیتی یەکەمی ناوی سییانی ئەو دیزاینەرە وەرگیراوە.
 
ئەمل کلۆنی، بە جلێکی ئاوریشمی پەمەیی سەرنجی میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشا کە لە دیزاینی براندی دیۆر بوو و مۆدێلی پاییزی 2000ـە، کلۆنی هاوژینیشی جلێکی شینی تۆخی پۆشیبوو و هاوشێوەی ستایلی مۆدێلی کلاسیکی هۆلیوود دەرکەوتبوو.
 
جگە لە ئەمەل کلۆنی و جۆرج کلۆنی، ژمارەیەک ئەستیرەی هونەری و کەسایەتی سیاسی ئامادەبوون، لەوانە ئێما تۆمپسن، ئەکتەری بەریتانی و نانسی پلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
 
ئەمەل کلۆنی یاخود ئەمل علمەدین، پارێزەر و چالاکوانی بەریتانی – لوبنانییە، لە ئاستی نیودەوڵەتیدا کاری کردووە، لەگەڵ هاوژینەکەی دامەزراوەی کلۆنی بۆ دادپەروەری دامەزراندووە، بەرگری لە چەندین کەسایەتی بەناوبانگ کردووە، هەروەها پارێزەری نادیە موراد، کچە ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش بووە کە ئێستا باڵیۆزی نیازپاکییە لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە لە 2018.
 
رۆژی چوارشەممە 30ـی ئابی 2023 چالاکییەکانی 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس بە فیلمی 'Comandante' لە ڤێنسی ئیتاڵیا دەستیپێکرد و تاوەکو 9ـی ئەیلوول 2023 بەردەوام دەبێت.
 
ئەمساڵ 91 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فیستیڤاڵدا لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا بەڕێوەدەچن.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس، فێستیڤاڵێکی ساڵانەی فیلمە و لە شاری ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد و ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای مانگی ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان نمایشدەکرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە