دامەزراوەکانی نەوت: بەرهەم و هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئابدا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی

31-08-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەکانی بواری نەوت دەڵێن، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، بەڵام بەهۆی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتنەوە، بەرهەم و هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئابدا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووە.
 
دامەزراوەیSVBی راوێژکاری دەڵێت، بەپێی خەمڵاندنی ئەوان، بەرهەمی نەوتی ئێران لە مانگی ئابدا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەدوای ساڵی 2018ـەوە و لەو بڕەش، نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرێت.
 
سارا ڤەخشووری، سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە دەڵێت، ئێران نزیکە لەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنێتەوە ئاستی پێش کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنەوەی سزاکان لە ساڵی 2018ـدا.
 
ڤەخشووری دەشڵێت، ناڕوونی ئیدارەی بایدن بەرامبەر سیاسەتی نەوتی ئێران لێکەوتەی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهان هەیە، بەتایبەتی کە هەندێک لە ئەندامانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانیان کەمکردووەتەوە.
 
ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە دانوستاندندایە بۆ رێککەوتنێکی لەسەر ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە لە بەرامبەر ئازادکردنی 6 ملیار دۆلاری پارەی ئێران لە کۆریای باشوور.
 
هەروەها لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2024، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووەتە مەترسییەکی سیاسی بۆ سەر بایدن. زیادکردنی بەرهەمی نەوتیش لە بازاڕەکان، لەنێویاندا نەوتی ئێران، دەتوانێت نرخەکەی دابەزێنێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئێران و ئامارەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەش، بە تێپەڕبوونی کات و بەپێی سزاکان دەگۆڕێن.
 
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت، ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ وڵاتانی دیکەش پەیوەندی دەکەین بۆ ئەوەی هانیان بدەین دژی گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە پێچەوانەی گەمارۆکانی سەر ئێران بێت.
 
شرۆڤەکاران دەڵێن، ئێران ساڵانێکە لە رێگەی رێوشوێنی وەک گواستنەوە لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە و "ساختەکردنی بەڵگەنامەی بارەکانەوە" - یان دەستکاریکردنی ئامێرەکانی دەستنیشانکردنی شوێنی کەشتییەکانەوە – خۆی لە سزاکانی سەر کەرتی نەوت دەدزێتەوە و بەردەوامە لە هەناردەکردنی.
 
بێن کاهیل، شرۆڤەکاری ناوەندی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، ئێران هەروەها داشکاندنی زۆری لە هەناردەی نەوتی خۆی بۆ چین کردووە، ئەمەش شتێکە کە یارمەتیدەر بووە بۆ هاندانی کڕیاران بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر لە ئێران بکڕن.
 
کاهیل دەشڵێت، "ئەوە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە - ئەگەر داشکاندنی نەوتەکەت بکەیت، خواست لەسەری زیاد دەکات. هەروەها پێموایە راگرتنی ئەو بازرگانییە شتێکی قوڕسە."
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کە ئێران یەکێکە لە ئەندامەکانی، بەرهەمهێنانی سێ ملیۆن و 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەبێتە بەرزترین ئاستی بەرهەمی نەوتی ئێران لە ساڵی 2018ـەوە.
 
ماڵپەڕی TankerTrackers.com کە تایبەتە جووڵە و هاتوچۆی کەشتییە نەوتییەکان، بە تێکڕا هەناردەی نەوتی خاو و کۆندێنسەیتی ئێران لە 27 رۆژی یەکەمی مانگی ئابدا یەک ملیۆن و 920 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، کە بەشی نەوتی خاو لە رۆژێکدا یەک ملیۆن و 770 هەزار بەرمیل بووە.
 
بەپێی ئامارەکانی ئەو ماڵپەڕە، هەناردەی نەوتی مانگی ئاب بەرزترین رێژەی مانگانەی ئەمساڵە.
 
دامەزراوەیەکی دیکەی بەدواداچوونی کەشتییە نەوتییەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووە، لە مانگی ئابدا ئێران رۆژانە زیاتر کە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە.
 
هاوکات دامەزراوەی کپلەر بۆ بواری نەوت پێشبینی دەکات هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئابدا بە تێکڕا نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل بووبێت لە رۆژێکدا، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەدوای مانگی ئایاری 2018 کە ئەوکاتە ئێران ملیۆنێک و 540 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردبوو.
 
تائێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە نییە. دامەزراوەکانی تایبەت بە نەوت و بەدواداچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان داتای مانگی دەستکرد و بەندەرەکان بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی هەناردەی نەوتی ئێران.
 
ئێران رایگەیاندووە، پێشبینی لە ماوەیەکی نزیکدا بەرهەمهێنانی نەوتەکەی زیادبکات. میدیاکانی دەوڵەتی ئێران لە زاری وەزیری نەوتی ئێرانەوە بڵاویانکردووەتەوە، تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران دەگاتە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئێران لە کاتێکدایە کە گرووپی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوتیان کەمکردووەتەوە بۆ پشتیوانیکردنی نرخەکەی، چونکە پێشبینییەکانی لاوازبوونی ئابووریی جیهان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر نرخەکەی داناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە