رووداو دیجیتاڵ
لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا، عێراق 2 ملیۆن و 400 هەزار سپلیتی لە چینەوە هاوردە کردووە، کە بەهاکەیان 757 ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە.
بەگوێرەی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە و گومرگی چین، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، چین زۆرترین سپلیتی هەناردەی ژاپۆن کردووە بە بەهای 822 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار. دوای ئەو عێراق لە پلەی دووەم دێت، بە بەهای 757 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار.
هەریەکە لە وڵاتانی مەکسیک، ئیمارات و سعودیە لە پلەی سێیەم تاوەکو پێنجەمن لە ریزبەندیی کڕیارانی ئامێری فێنکەرەوەکە لە چین.
لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و چین 27 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە. لەو ژمارەیە عێراق بە بەهای هەشت ملیار و 15 ملیۆن دۆلار کاڵای لە چین کڕیوە، چینیش بە بەهای 18 ملیار و 800 ملیۆن نەوت و خورمای لە عێراق کڕیوە کە زۆرترینی نەوت بووە.
پشبینی دەکرێت ئەگەر بازرگانییەکە بەم ئاڕاستەیە بەردەوام بێت، ئەم ساڵ قەبارەی بازرگانیی نێوان چین و عێراق بگاتە 55 ملیار دینار.
رێژەی 23٪ـی ئەو کاڵایانەی عێراق لە چینی کڕیوە ئامێری فێنککەرەوەیە، 13٪ کەرەستەی ئەلیکترۆنی بووە و 9٪ ئۆتۆمبێل بووە.
محەممەد سابیر، خاوەن کۆمپانیای هاوردەکردنی ئامێری فێنکەرەوە لە چین، لە بووڵتەنی ئابووری بە فەرهاد دۆڵەمەری پەیامنێری رووداوی گوت، زۆربەی وڵاتانی جیهان لە چینەوە ئامێرەکانی فێنکەرەوە هاوردە دەکەن، هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە پلەی یەکەم لە چین ئەو ئامێرانە هاوردە دەکەن.
گوتیشی: ئەم ساڵ زیاتر خواست لە سەر فێنککەرەوە (موبەریدە) بووە، لە هاوینی ئەم ساڵ 40 هەزار موبەریدەمان هاوردە کرد و هەمووی فرۆشرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ