٪13ـی خەرجیی حاکیمە بۆ هەرێمى کوردستان داندراوە

31-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

٪13.2ـی خەرجیى حاکیمەى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان دیاریکراوە، زۆرترینى لە پشکى کڕینەوەى گەنمە، خەرجیى هەڵبژاردنى پەرلەمانیش خراوەتە سەر پشکەکەى.
 
بەگوێرەى خشتەى بوجەى 2024 پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجى حاکیمە بە 1.3 تریلیۆن دینار دیاریکراوە لە کۆى 10 تریلیۆن دینارى ئەو خەرجییە.
 
خەرجیى حاکیمە لە بودجەى گشتى، ئەو خەرجیانەن کە فیدراڵین و بۆ هەموو عێراقن کە لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە پارەى بۆ دابین دەکرێت، ئەو کەرتانەى خەرجییەکە دەیانگرێتەوە ئەوانەن کە ساڵانە دووبارە دەبنەوە و بەردەوامن و پەیوەندار نین بە وەبەرهێنان یان پڕۆژەوە، وەکو بەشەخۆراکی مانگانە، کڕینەوەی گەنم و کڕینی دەرمان. 
 
سروە زەنگەنە، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، بەشێک لەو خەرجییانە جێگیرین و پشکى هەرێمى کوردستان تێیاندا جێگیر دەبن، بەشێکى دیکەى ئەو خەرجییانە دەگۆڕێدرێن و بەگوێرەى خەرجکردنیان پشکى هەرێمى کوردستان دیاریدەکرێت. 
 
زۆرترین پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجیى حاکیمە لە پاڵپشتیى کڕینەوەى گەنم و برنجە کە 742.7 ملیار دینارە، لە کۆى 5.8 تریلیۆن دینارى ئەو بوارە لە خەرجى حاکیمە کە بۆ هەموو عێراق دیاریکراوە.
 
رزگار حەمەد خدر، راوێژکاریى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تاوەکو ئێستا نەگوتراوە کە پارەى کڕێنەوەى گەنمى جوتیاران بەگوێرەى ئەو پشکە دەبێت و لە دەرەوەى ئەو پشکەیە، ئەگەر بەگوێرەى ئەوەش بێت دەبێت بەغدا زیاتر لە 800 هەزار تۆن بکڕێتەوە.
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە تێکڕاى بودجەى 2024ى عێراق بە زیاتر لە 20 تریلیۆن دینار دیاریکراوە کە نزیکەى چوار تریلیۆنى لە پشکەکەى بۆ ساڵى 2023 زیاترە. 
 
لە کۆى 1.6 تریلیۆن دینارى کڕینى دەرمان 210.4 تریلیۆن دینار وەک پشکى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە، 6.3 ملیار دینارى لە پشکى کێشە موڵکدارییەکان و 76 ملیار دینارى دیکە لە پشکى هاوردەکردنى وزە دیاریکراوە.  
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجیى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان 38 ملیار دینارە، کە بڕیارە لە مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.
 
تێکڕاى خەرجیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە پشکى خەرجیى حاکیمە لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە کە دەبێت لەو پشکە بدرێت کە 69.2 ملیار دینارە. 
 
سروە زەنگەنە گوتیشی: "بەوپێیەى هیچ هەڵبژاردنێک نییە کە لە 2024 لە عێراق بکرێت، بۆیە تەواوى خەرجى ئەو هەڵبژاردنەى پەرلەمان لە پشکى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە".
 
بە گوێرەى هەموارى یاساى درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبێت حکومەتى فیدراڵى خەرجى ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە دابین بکات.
 

 

 

 
 
                  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە