دابەزینی نرخی نەوت پاشەکشەی 3.7٪ بە ئابووریی سعودیە دەکات

31-01-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی سعودیەوە، لە چارەکی سێیەمی ساڵی رابردوودا ئابووریی سعودیە نزیکەی 4٪ پاشەکشەی کردووە.
 
ناوەندی ئاماری سعودیە رۆژی چوارشەممە، 31-01-2024، رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوە، ئابووریی سعودیە لە چارەکی سێیەمی ساڵی رابردوودا 3.7٪ پاشەکشەی کردووە.
 
ناوەندی ئاماری سعودیە دەڵێت، لەکاتێکدا [لە چارەکی سێیەمی 2023] داهاتی نانەوتیی سعودیە 4.3٪ گەشەی کردووە، بەڵام داهاتی نەوتیی سعودیە 16.4٪ دابەزیوە لەسەر ئاستی ساڵانە.
 
سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهانە، بەڵام محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە رێگەی دیدگای 2030ـەوە هەوڵدەدات ئابووریی وڵاتەکە لە پشتبەستن بە نەوت و گاز کەمبکاتەوە و سعودیە بکاتە ناوەندێکی گەشتیاری، سەرمایەداری و وەرزشی.
 
لە ساڵی رابردوودا دۆخەکە بۆ شانشینی سعودیە پێچەوانە بووەوە؛ دوای چەند جارێک کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئێستا ئەو وڵاتە رۆژانە نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی 12 ملیۆن بەرمیلی هەیە.
 
رۆژی سێشەممە، 30-01-2024 کۆمپانیای ئارامکۆ رایگەیاند، بە فەرمانی وەزارەتی وزەی سعودیە، دەستبەرداری پلانی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەبێت بۆ 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە تاوەکو ساڵی 2027.
 
زۆرینەی شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەو بڕیارەی ئارامکۆ و سعودیە ئاماژەیە بە نادڵنیایی وڵاتەکە لەبارەی خواستی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا.
 
ئارامکۆ، گەورە کۆمپانیای نەوتی سعودی کە 90٪ـی پشکەکانی لە لایەن حکومەتی وڵاتەکەوە خاوەندارێتی دەکرێت، لە ساڵی 2022ـدا داهاتەکەی گەیشتە 161 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەو ساڵەدا دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
 
ناوەندی ئاماری سعودیە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەراورد بە ساڵی 2022، لە ساڵی 2023ـدا ئابووریی سعودیە 0.9٪ پاشەکشەی کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە