نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 72 دۆلار بەرزبووەوە

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت لەدوای پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر هێزەکانی نزیک لە ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە هەندێک لە زیانەکانی هەفتەی رابردووی خۆی قەرەبووکردەوە.
 
نرخی نەوتی برێنت رۆژی دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، 51 سەنت بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 43 سەنت بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پیوەکرا.
 
هەفتەی رابردوو بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست، نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 3٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەڕێژەی 5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو.
 
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و حووسییەکانی یەمەن، نیگەرانی لە پچرانی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەدا دروستکردووە.
 
پریانکا ساجێدڤا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فلیپ نۆڤا) دەڵێت، "هەرچەندە خستنەڕووی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتەوە، گوشاری لەسەر نرخەکان داناوە، بەڵام پەرەسەندنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە."
 
رۆژێک دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، ئیسرائیل رایگەیاند هێرشی کردووەتەسەر حووسییەکانی یەمەن و وەزیری بەرگریی ئەمریکاش گوتی، ئێران یان هەر هێزێکی سەر بەو وڵاتە هێرش بکاتە سەر ئەمریکییەکان یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە