نرخی نەوتی ماڵان دادەبەزێت و دابەشکردنی دەگاتە سەنتەری شارەکان

30-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە نێوەڕاستی ئەم مانگە، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی 5 هەزار دینار دابەزیوە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، دابەشکردنی نەوت گەیشتووەتە شارەکان.
 
سەرەتای ئەم مانگە، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی بە کۆ 165 هەزار دینار بوو. 14ـی ئەیلوول نرخەکە بۆ 145 هەزار دینار دابەزی. ئەمڕۆ (دووشەممە|) لە بازاڕی فرۆشتنی سووتەمەنی لە هەولێر، بەرمیلێک نەوت بە کۆ 140 هەزار دینارە.
 
سەرباز کەریم، گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەگەر دابەشکردنی نەوت خێراتر بکرێت، نرخ زیاتر دادەبەزێت".
 
دابەشکردنی نەوت دەگاتە شارەکان
 
دوای ئەوەی لە 12ـی ئەیلوولەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دابەشکردنی نەوت دەگاتە سەنتەری شارەکان".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سامانە سرووشتییەکان، دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شاری هەولێر لە 28ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە.
 
ئەمڕۆ بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری سلێمانی بەردەوامە و هەفتەی داهاتوو دابەشکردن دەگاتە نێو شار".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەو ناوچانە نەوت دابەشکراوە و لە بەشێکی دابەشکردنەکە بەردەوامە: پێنجوێن، بازیان، بنگرد، سوورداش، پشدەر و سەرکەپکان.
 
هەروەها لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە تەوێڵە، بیارە و خورماڵ نەوت دابەشکراوە و دابەشکردنەکەش بەردەوامە.
 
لە پارێزگای دهۆکیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 4 ملیۆن لیتر نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە. کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزای دهۆک بە رووداوی گوت، "بە زووترین کات" نەوت لەنێو سەنتەری دهۆکیش دابەش دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، تاوەکو 23ـی ئەیلوول زیاتر لە 10 ملیۆن لیتر نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی دابەشکراوە و بەمشێوەیە بووە:
 
هەولێر؛ 12 هەزار و 807 خێزان نەوتیان وەرگرتووە، 402 هەزار و 232 خێزان ماون وەریبگرن.
 
سلێمانی؛ 9 هەزار و 590 خێزان نەوتیان وەرگرتووە، 509 هەزار و 410 خێزان ماون وەریبگرن.
 
دهۆک؛ 10 هەزار و 153 خێزان نەوتیان وەرگرتووە و 214 هەزار و 847 خێزان ماون وەریبگرن.
 
هەڵەبجە؛ چوار هەزار و 320 خێزان نەوتیان وەرگرتووە و 26 هەزار و 680 خێزان ماون وەریبگرن.
 
سۆران؛ 10 هەزار و 930 خێزان نەوتیان وەرگرتووە و 77 هەزار و 583 خێزان ماون وەریبگرن.
 
زاخۆ؛ 4 هەزار و 457 خێزان نەوتیان وەرگرتووە و 60 هەزار و 543 خێزان ماون وەریبگرن.
 
نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و بەرمیلی 100 هەزار دینارە و 3 هەزار بۆ کرێ و هەزار دیناریشی بۆ کارتی زیرەک دەچێتەسەر، بە 104 هەزار دینار دەگاتە هاونیشتمانیان.
  
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت تاوەکو 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا لە هەولێر 153 هەزار و 422 خێزان، دهۆک 77 هەزار و 899 خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 120 هەزار و 200 خێزان بەشە نەوتیان وەرگرت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە