رووداو دیجیتاڵ
وەرزی پێگەیشتنی هەنارە لە هەرێمی کوردستان. هەناری هەڵەبجە و زاخۆ ناوبانگی تایبەتییان هەیە. بەرپرسانی کشتوکاڵی هەردوو شارەکە دەڵێن، هەناری ئەم ساڵ باشە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی هەنار لە وەرزی پێگەیشتنیدا ساڵانە دەگاتە 80 هەزار تۆن و زۆرترینیشی هەناری هەڵەبجەیە.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەناری هەڵەبجە چەند جۆرێکە؛ بەشێکی ئێستا پێگەیشتووە و بەشێکیشی دەکەوێتە مانگەکانی داهاتوو.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتی، لە سنوورەکەیان نزیکەی 10 هەزار دۆنم باخی هەنار هەیە کە بە تێکڕا هەر دۆنمێک 3 تۆن هەنار بەرهەمی هەیە و بەوەش لە وەرزی پێگەیشتندا ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن بەرهەمی دەبێت.
ستار مەحموود گوتی، "ئەم ساڵ نەخۆشییەکی ئەوتۆ نەبووە بڵێین کاریگەریی لەسەر بەهەم دەبێت و بارانیش باش بوو، بەڵام باخەوانەکان دەڵێن بەرهەمیان هێندەی پار نابێت."
هەر لە هەرێمی کوردستان هەناری زاخۆ، بەتایبەت هەناری گوندی ئەرمشتێ لە سنوورەکە ناوبانگی هەیە. سەلمان سندی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی زاخۆ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرهەمی ئەم ساڵمان باشە، بەڵام چەند رۆژێکی ماوە بۆ پێگەیشتن، بۆیە ناتوانین بزانین بڕ و کواڵێتیی چۆن دەبێت".
لە دوو ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی هەناری هەڵەبجە و زاخۆی هەناردە کردووە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی هەناردەی هەناری هەڵەبجە رانەگەیێندراوە، بەڵام بەگوێرەی پلانی حکومەت، ئەم ساڵیش هەناردە دەکرێت".
ساڵی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ راهێنانی بە هەزار و 200 باخەوان کرد، ئەویش بە ئامانجی زیاتربوونی بەرهەمی باخەکانیان.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 20 جۆر سەوزە و شەش جۆر میوە لە کاتی پێگەیشتنیاندا پێداویستی نێوخۆ پڕدەکەنەوە و باجیان دەخرێتەسەر.
ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان باج دەخاتە سەر ئەو بەرهەمانەی لە وەرزی پێگەیشتندان. ساڵی رابردوو بۆ یەک کیلۆ هەنار، هەزار دینار باجی خرایە سەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ