عێراق 2 تریلیۆن دینار بۆ کڕینی گازی ئێران و هاوردەکردنی سووتەمەنی زیاد دەکات

30-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق بڕیاری زیادکردنی دوو تریلیۆن دیناری بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی و گازی ئێرانی دا. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "عێراق ناتوانێت بەم نزیکانە دەستبەرداری گاز و هاوردەکردنی سووتەمەنی بێت بۆ دابینکردنی کارەبا."
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024دا، حکومەتی عێراق بڕیاری تەرخانکردنی بڕی یەک تریلیۆن و 463 ملیار دینار بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی، 619 ملیار و 680 ملیۆن دینار بۆ هاوردەکردنی وزەی کارەبای بۆ بودجەی وەزارەتی کارەبا دا.
 
زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەیە عێراق بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا پشت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی و گازی وڵاتانی دیکە ببەستێت، ئەو بابەتە دەبێت زوو کۆتایی بێت."
 
گوتیشی: "ساڵانە عێراق لەنێوان 5 بۆ 6 ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی و گاز دەڕوات، لە کاتێکدا ساڵانە بایی نزیکەی 10 ملیار دۆلار گاز دەسووتێنێت."
 
لە بودجەی ساڵی 2023دا، عێراق بۆ کەرتی وزە، 9 تریلیۆن و 412 ملیار دیناری دیاریکردبوو، بۆ ساڵانی 2024 و 2025یش هەمان بڕ دیاریکراوە.
 
بڕی 3 تریلیۆن و 712 ملیار دیناری بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران و بڕی یەک تریلیۆن و 129 ملیار دیناری بۆ هاوردەکردنی وزە تەرخانکردووە.
 
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و وزە، بە رووداوی گوت: "چاوەڕوان ناکرێت تاوەکو چوار ساڵی دیکە عێراق دەستبەرداری گازی ئێران و هاوردەکردنی سووتەمەنی ببێت."
 
عێراق لە ساڵی 2023دا بەپێی ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، نزیکەی 6 ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی کارەبا کە 40٪ کورتهێنانی هەیە، لەکاتێکدا بەپێی بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوە جیهانییەکانی وزە، عێراق سێیەم گەورەترین سووتێنەری گازی هاوەڵە کە وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاریدەهێنن. عێراق ساڵانە 17 بۆ 18 ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنێت. 
 
بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، لە کۆی گشتیی زیاتر لە 211 تریلیۆن دیناری بودجە، عێراق بڕی 40 تریلیۆن و 133 ملیار دیناری بۆ وزە تەرخانکردووە، لەنێویدا بڕی زیاتر لە 18 تریلیۆن دینار بۆ کارەبا و زیاتر لە 19 تریلیۆن دیناری بۆ نەوت.
 
بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، عێراق بڕی 600 ملیار دیناری بۆ هاوردەکردنی وزە تەرخانکردبوو، بە بڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران پارەکە بۆ زیاتر لە سێ هێندە زیادکرا و بڕی تریلیۆنێک و 463 ملیار دیناری دیکەشی بۆ زیادکرا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: رووداو - ئەرشیف

رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.