رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی، بەڵام هێشتا لە بەرزترین ئاستەکانی چوار مانگی رابردوو مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە دوای گەمارۆکانی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر کەشتی و کۆمپانیا رووسییەکان؛ چین و هیندستان، دوو گەورە هاوردەکاری نەوت، بەدوای دابینکار و فرۆشیاری دیکەی نەوت دەگەڕێن.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی سێشەممە 22 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 16 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە لە یاداشتێکدا بۆ وەبەرهێنەران رایانگەیاند: "سزادانی ئەو کەشتییە نەوتییانەی کە نەوتی رووسیا دەگوازنەوە نزیکەی رۆژانە 700 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕدا ناهێڵێت."
ئەو شرۆڤەکارانە دەڵێن: "ئەو بڕە بەسە بۆ ئەوەی زیادی خستنەڕووی نەوت لەم ساڵدا بە تەواوەتی نەمێنێت."
رۆبێرت رێنی، بەڕێوەبەری بەشی کاڵاکان لە بانکی ( وێست پاک)ـی ئوسترالیا لەو بارەیەوە پێیوایە، "سزای سەر کەشتییەکان نزیکەی 800 هەزار بەرمیل نەوتی خاو و 150 هەزار بەرمیل گازوایل لە بازاڕدا ناهێڵێت."
رێنی دەڵێت ئەو هۆکارانە بەسن بۆ ئەوەی نرخی نەوتی برێنت بە ئاسانی بگاتە ئاستی 85 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ