رووداو دیجیتاڵ
چین، لەڕێگەی تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیێنێت نیگەرانە لە هێرشی سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان و ئامادەن بۆ هاوکاری لە پاراستنی کرێکارانیان لە پرۆژەکانی عێراق.
لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ (سێشەممە، 30-4-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند وڵاتەکەی نیگەرانی خۆی لە هێرشی سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەردەبڕێت.
گوتەکانی گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی هێرشە درۆنییەی رۆژی هەینی، 26-4-2024ـی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بوو، کە بە گوتەی رەمک رەمەزان، قایمقایمی چەمچەماڵ، چوار کرێکاری بیانی گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکە دووەم بوو لەماوەی سێ مانگدا. هێرشی پێشتر شەوی 25-01-2024 روویدا و سەرچاوەیەکی باڵا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەوکاتە بە رووداوی راگەیاندبوو کۆگەیەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت و سووتا.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێ "چین سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکات و، ئامادەیە لەگەڵ عێراق بە هاوبەشی کاربکات بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئەو کارمەندە چینییانەی لە عێراق کار لە پڕۆژەکاندا دەکەن."
کێڵگەی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گەورەترین کێڵگەی گازە لە هەرێمی کوردستان. گازی وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
رووبەری کێڵگەکە نزیکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە؛ گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازە لە عێراق. یەدەگەکەی بە سەرووی 8.2 تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.
گازی کۆرمۆر بە بۆری رەوانەی هەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و لە 67٪ـی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ