رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، قەبارەی گازی وەبەرهێنراو گەیشتووەتە ملیارێک و 916 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، کە مەبەست لێی ئەو گازە هاوەڵەیە یە کە لە کێڵگە نەوتییەکان لە کاتی دەرهێنانی نەوت بەرهەمدێت.
ئێستا ئەو گازە زیاتر لە 61٪ـی کۆی بەرهەمی گازی عێراق پێکدەهێنێت، کە قەبارەکەی دەگاتە سێ ملیار و 120 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە.
عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا جەختیکردەوە لەوەی وەزارەتەکەیان "رژدە لەسەر خێراکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی گاز و رێگریکردن لە سووتانی."
بەهۆی نەبوونی پلان و تەکنیکی پێویست، زۆربەی هەرە زۆری گازی هاوەڵی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق دەسووتێنرێت، کە ئەگەر وەبەربهێنرێت، دووهێندەی پێداویستیی وڵات دابین دەکات و 2.5 ملیار دۆلار بۆ گەنجینەکەی دەگەڕێنێتەوە.
عیزەت سابیر ئاماژەی بەوە کردووە، بەرهەمهێنانی ئەو گازە "گەشە و بەرزبوونەوە"ـی بەخۆیەوە بینیوە.
عیزەت سابیر هەروەها باس لەوە دەکات؛ مانگانە ملیارێک و 450 ملیۆن پێ سێجا گازی وشکیان بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و دامەزراوە پیشەسازییەکانی دیکە دابینکردووە.
مەبەست لە گازی وشک ئەوەیە کە پێچەوانەی گازی شل، هیچ شلەمەنیێکی کاربۆهایدراتیی تێدا نییە.
بەگوتەی عیزەت سابیر، قەبارەی بەرهەمی نیشتمانیی گازی شلی عێراق گەیشتووەتە 6 هەزار و 675 تۆن لە رۆژێکدا.
بریکارەکە پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، بەرهەمەکە زیاتر بێت، ئەمەش دوای تەواوبوونی ژمارەیەک "پڕۆژەی هیوابەخش"ـی باشووری عێراق.
یەکێک لەو پرۆژانەی بڕیاربوو کۆتایی ئەم مانگە دەست بە بەرهەمهێنان بکات، کێڵگەی گازی حلفایە بوو لە پارێزگەی میسان، کە چاوەڕوان دەکرێت رۆژانە 300 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمبێنێت.
بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گازی هاوەڵ، عێراق تەممووزی رابردوو، بە گوژمەی 27 ملیار دۆلار، چوار گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیی فەرەنسی واژۆکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ