رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی یەک هەفتەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە دوو ملیار دینارە، بەراورد بە هەفتەی رابردوو داهاتی ئەو سنوورانە زیاتر لە 15 ملیار دینار کەمیکردووە.
رۆژی هەینی، 29-12-2023، ماڵپەری شەفافیەت بڵاویکردەوە، لە 23ـی ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ داهاتی یەک هەفتەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین 2 ملیار و 961 ملیۆن و 235 هەزار و 702 دینار کە ٪97ـی نەختینە و 3٪ـی چەک بووە.
بەراورد بە هەفتەی رابردوو، داهاتی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. بەشێوەیەک لە 16 تاوەکو 22ـی ئەم مانگە داهاتی ئەو دوو پارێزگایە بە ئیدارە سەربەخۆکانیشەوە 18 ملیار و 785 ملیۆن و 370 هەزار و 707 دینار بووە، بەوەش داهات 15 ملیار و 824 ملیۆن و 135 هەزار و پێنج دینار کەمیکردووە.
کەمبوونەوەی داهاتەکانی ئەم هەفتەیەی سلێمانی لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی دووشەممە، 25-12-2023 بە بۆنەی سەری ساڵەوە، پشووی راگەیاندووە و پشووەکەش تاوەکو رۆژی 2-1-2024ـە.
لە 29ـی مانگی رابردوو تاوەکو ئەمڕۆ، 29ـی کانوونی یەکەم، واتا داهاتی یەک مانگی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، 83 ملیار و 823 ملیۆن و 740 هەزار و 831 دینار بووە.
ئەو داهاتەی ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاویدەکاتەوە، داهاتی نانەوتییە و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆکراوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 15-12-2022 لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـی بەرزکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ