رووداو دیجیتاڵ
خەرجیى 10 کەرتى بودجە بۆ 2024 بەراورد بە ساڵى رابردوو زیادیکردووە. پڕچەککردنى سوپا و پۆلیس زیاد بووە و حەشدی شەعبی کەمیکردووە؛ 2.8 تریلیۆن دینار بۆ تۆڕى کۆمەڵایەتى زیاد کراوە؛ خەرجیى پەرلەمانیش زیاتر و حکومەت کەمتر بووەتەوە.
پارەى خەرجیى پێشنیازکراو بۆ 13 کەرتى جیاوازى بودجە کەمبوونەوە و زیادبوونى جیاوازى تێدایە. هەندێک کەرت زەرەرمەند و هەندێکى دیکە سوودمەند دەبن لەو 13 تریلیۆن دینارەى بۆ بودجەى 2024 زیاد کراوە بەراورد بە ساڵى پێش خۆى.
تێکڕاى خەرجیى پێشبینیکراو بۆ ساڵی 2024 لە خشتەى بودجەدا 211.8 تریلیۆن دینارە، لە کاتێکدا خەرجیى بودجەى ساڵى 2023 بە 198.9 تریلیۆن دینار دیاریکرابوو.
پڕچەککردنى سوپا و پۆلیس زیاد بووە و حەشدی شەعبی کەمیکردووە
خەرجیى کەرتى بەرگرى لە خشتەى بودجەى 2024 بووەتە 33 تریلیۆن و 218 ملیار و 697 ملیۆن دینار، لە کاتێکدا ساڵى 2023 خەرجییەکە 30 تریلیۆن و 27 ملیار و 348 ملیۆن دینار بوو، واتە خەرجیى ئەو کەرتە سێ تریلیۆن و 191 ملیار و 349 ملیۆن دینار زیادیکردووە.
زۆرترین زیادبوونى خەرجیى ئەو کەرتە لە دەزگاى هەواڵگریى عێراقە، کە لە 297.4 ملیار دینارەوە بووەتە 395.2 ملیار دینار، واتە 97.6 ملیاردینار زیادیکردووە.
خەرجیى پڕچەککردنى کەرتەکە زیاد بووە، کە وەزارەتەکانى بەرگرى، ناوخۆ و دەستەى حەشدی شەعبی دەگرێتەوە. ساڵى 2023 بڕى پارەى تەرخانکراو بۆ پڕچەککردن 2.4 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام بۆ ساڵى 2024 بڕى خەرجییەکە بووە بە 4.1 تریلیۆن دینار، بەوەش 1.7 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.
1.1 تریلیۆن دینارى زیادبوونى خەرجیى پڕچەککردنى ئەم ساڵ بۆ وەزارەتى بەرگرى و 177 ملیار دینارى بۆ وەزارەتى ناوخۆ بووە، بەڵام خەرجیى پڕچەککردنى دەستەى حەشدی شەعبی 318 ملیار دینار کەمیکردووە.
1.3 تریلیۆن دینار بۆ پەروەردە زیاد بووە
خەرجیى کەرتى پەروەردە و خوێندن لە خشتەى بودجەى 2023 گەیشتبووە 15.3 تریلیۆن دینار، بەڵام بۆ ئەم ساڵ خەرجییەکەى زیاد بووە بۆ 17.2 تریلیۆن دینار، بەو جۆرە 1.9 تریلیۆن دینار خەرجى ئەو کەرتە زیادیکردووە.
زۆرترین زیادبوونى خەرجى بۆ وەزارەتى پەروەردە بووە، بۆ ساڵى 2024 خەرجییەکانى زیاد بووە بۆ 13.2 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا لە بودجەى ساڵى 2023 خەرجییەکانى 11.9 تریلیۆن دینار بوو، بەو جۆرە خەرجیى ئەو کەرتە 1.3 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.
کارەبا پشکى شێرى زیادبوونى خەرجیى وزەیە
خەرجى کەرتى وزە لە خشتەى بودجەى 2024 بووە بە 40.1 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا لە بودجەى 2023 خەرجییەکانى 34.4 تریلیۆن دینار بوو، بەو جۆرە خەرجییەکە 5.7 تریلیۆن دینار زیادی کردووە.
زۆرترین زیادبوونى خەرجى بۆ وەزارەتى کارەبا بووە؛ ساڵى 2023 خەرجیى ئەو وەزارەتە 14.4 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام بۆ ساڵى 2024 گەیشتووەتە 18.7 تریلیۆن دینار، بەو جۆرە 4.3 تریلیۆن دینار زیادیکردووە، لە کاتێکدا خەرجیى وەزارەتى نەوت 1.5 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.
13 ملیار دینار بۆ ژینگە زیاد کراوە
خەرجیى کەرتى تەندروستى و ژینگە لە عێراق بۆ ساڵی 2024 بووە بە 11.1 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا ساڵى رابردوو ئەو خەرجییە 9.4 تریلیۆن دینار بوو، بەو جۆرە 1.7 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.
زۆترین خەرجى زیادکراو بۆ وەزارەتى تەندروستى بووە کە لە 9.3 تریلیۆن دینارەوە بووە بە 10.9 تریلیۆن دینار، بەوەش 1.6 تریلیۆن دینار زیادیکردووە، لە کاتێکدا خەرجیى وەزارەتى ژینگە بەراورد بە ساڵى رابردوو تەنیا 13 ملیار دینار زیادیکردووە.
چاودێریى کۆمەڵایەتى 1.5 تریلیۆن دینارى دیکەى بردووە
خەرجى کەرتى خزمەتگوزاریى کۆمەڵایەتى بۆ ساڵی 2024 بە 32.9 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، لە کاتێکدا ساڵى 2023 خەرجییەکانى 30.1 تریلیۆن دینار بوو، بەو جۆرە خەرجییەکە 2.8 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.
زۆرترین زیادبوونى خەرجى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى بووە کە سەرەکیترینیان مووچە و هاوکاریى چاودێریى کۆمەڵایەتییە و خەرجییەکەى بۆ ساڵى 2023 گەیشتبووە 4.7 تریلیۆن دینار، بەڵام بۆ ساڵى 2024 گەیشتووەتە 6.2 تریلیۆن دینار، بەو جۆرە 1.5 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.
تریلیۆنیک دینار بۆ ئاو و ئاوەڕۆى بەغدا
خەرجى کەرتى ئاو و ئاوەڕۆ بۆ دوو هێندە زیاد کراوە؛ ساڵى 2023 خەرجى ئەو کەرتە 664.2 ملیار دینار بوو، بەڵام بۆ بودجەى 2024 خەرجییەکەى بووە بۆ 1.3 تریلیۆن دینار.
خەرجی کەرتەکە بەراورد بە ساڵى رابردوو 654 ملیار دینار زیادیکردووە. سەرجەم ئەو زیادبوونە بۆ ئەمیندارێتى بەغدا و فەرمانگەکانىیەتی.
"گواستنەوە" یەک تریلیۆن دینارى لەدەستدا
خەرجى کەرتى گواستنەوە و گەیاندن بۆ ساڵى 2024 بووە بە 2.3 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا ساڵى 2023 قەبارەی خەرجییەکە 3.5 تریلیۆن دینار بوو، بەو پێیە خەرجییەکەی 1.2 تریلیۆن دینار کەمیکردووە.
زۆرترین کەمکردنى خەرجى لە وەزارەتى گواستنەوە بووە کە لە 2.8 تریلیۆن دینارى ساڵى 2023 کەمکراوەتەوە بۆ 1.8 تریلیۆن دینار بۆ ساڵى 2024، بەوەش خەرجییەکەى نزیکەى یەک تریلیۆن دینار کەمیکردووە.
کشتوکاڵ تریلیۆنێک دینارى لێدەبڕدرێت
خەرجى کەرتى کوشتوکاڵ بۆ ساڵى 2024 بووە بە 2.3 تریلیۆن دینار، بەراورد بە ساڵى 2032 کەمکراوەتەوە کە لەو ساڵەدا خەرجییەکەی 3.8 تریلیۆن دینار بوو، بەو جۆرە خەرجییەکەى 1.5 تریلیۆن دینار کەمیکردووە.
زۆرترین کەمکردنى خەرجى لە وەزارتى کشتوکاڵ و دەستپێشخەریى کشتوکاڵییە، لەکاتێکدا 2023 خەرجییەکەى 2.1 تریلیۆن دینار بوو، بۆ ساڵى 2024 خەرجییەکەى کەم بووەتەوە بۆ 1.1 تریلیۆن دینار، بەوەش نزیکەى یەک تریلیۆن دینار کەمکراوەتەوە.
پشەسازیى کەمترى بەردەکەوێت
خەرجى کەرتى پیشەسازى بۆ ساڵى 2024 بە 1.7 تریلیۆن دینار دیاری کراوە، لەکاتێکدا ساڵى 2023 خەرجییەکەى زیاتر بوو و گەیشتبووە 1.8 تریلیۆن دینار، بەوەش نزیکەى 150 ملیار دینار خەرجى کەمکراوەتەوە.
زۆرترین کەمکردنەوە لە خەرجى وەزارەتى پیشەسازی بووە کە 93 ملیار دینار کەمیکردووە.
1.1 تریلیۆن دنیار بۆ نیشتەجێکردن زیاد کرا
خەرجى کەرتى نیشتەجێکردن بۆ ساڵى 2024 بە 5.2 تریلیۆن دینار دانراوە کە بەراورد بە ساڵى 2023 زیاد کراوە کە ئەو کات 4.1 تریلیۆن دینار بوو، بەو پێیە خەرجییەکەى بۆ ئەمساڵ 1.1 تریلیۆن دینار زیاد کراوە.
زۆرترین زیادبوونى خەرجى لە بەشی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان بووە، بەراود بە ساڵى 2023 بڕى زیاتر لە 900 ملیار دینارى زیاد کردووە.
خەرجى بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى پارێزگاکان جگە لە کەرکووک لەو کەرتەدا 54 ملیار دینار زیادی کردووە.
وەقفى شیعە و وەقفی سوننە
خەرجى کەرتى رۆشنبیری و گەنجان لە خشتەى بودجەى 2024 بە 3.1 تریلیۆن دینار دیاری کراوە، لەکاتێکدا بۆ ساڵى 2023 بڕەکەى 3.2 تریلیۆن دینار بووە، بەوەش خەرجییەکە زیاتر لە 88 ملیار دینار کەمیکردووە.
زۆرترین کەمکردنەوە لە وەزارەتى گەنجان و لاوان بووە کە خەرجییەکەى نزیکەى بیست ملیار دینار کەمیکردووە، بەڵام پارەى لێژنەى ئۆلۆمپى کراوەتە 31 ملیار دینار کە سێ ملیار دینارى لە ساڵى رابردوو زیاترە.
خەرجى وەقفى شیعە کە لەو کەرتەدایە 87 ملیار دینار کەمیکردووە بەراورد بە 2023، بەڵام خەرجى وەفقى سوننە زیاتر لە 34 ملیار دینار زیادیکردووە.
پارەى پەرلەمان زیاد دەکات و حکومەت کەم دەبێتەوە
خەرجییەکانى کەرتى کارگێڕیى گشتى ناوەندى و خۆجێیی کە ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمان و سەرۆکایەتیى کۆمار و نووسینگەى وەزارەتەکان دەگرێتەوە، بۆ ساڵى 2024 کراوە بە 38 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا لە بودجەى 2023 پارەکەى 42.7 تریلۆن دینار بوو، بەوەش خەرجییەکەى نزیکەى چوار تریلیۆن دینار کەمی کردووە، بەڵام خەرجى پەرلەمان بە پێچەوانەوە لەو کەرتە زیادیکردووە لە 418.8 ملیار دینارەوە بووە بە 485.8 ملیار دینار، بەوەش 67 ملیار دینار زیادی کردووە.
زۆترین کەمکردنەوە لە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران بووە کە خەرجییەکەى لە 816.3 ملیار دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 204.8 ملیار دینار.
2.9 تریلیۆن دینار قەزرى دیکە
قەرزى نێوخۆیی و دەرەکى پێشبینیکراو بۆ ساڵى 2024 لە خشتەى بودجە بە 22.8 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، لەکاتێکدا هەمان ئەو جۆرە قەرزانە لە بودجەى 2023 بە 19.9 تریلیۆن دینار دیاریکرابوو، بەوەش بڕى قەرزى پێشبینکراو بەراود بە ساڵى رابردوو 2.9 تریلیۆن دینار زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ