رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ناوەندنی کەرکووک لەبارەی شکانی بۆرییەکی گواستنەوەی گازی شل رایگەیاند، بۆرییەکان زۆر کۆنن و داوایان لە وەزارەتی نەوت کردووە ئەو بۆرییانە بگۆڕێت.
کاژێر 3:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 29-04-2024) لە نزیک گوندی قزڵیار لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک، بۆرییەکی گواستنەوەی گازی شل شکا. ئەو بۆرییە، گازی شل لەنێوان کۆمپانیای نەوت و گازی باکوور دەگوازێتەوە، ئەمە جاری دووەمە لە ماوەیەکی کەمدا دەشکێت.
فەلاح یایچڵی، قایمقامی قەزای ناوەندنی کەرکووک بە رووداوی گوت، "بۆرییەکانی نەوت و گاز زۆر کۆنن و تەمەنیان 100 ساڵ دەبێت، بۆیە بەهۆی گوشار لەسەری شکاوە."
قایمقامی کەرکووک رەتیکردەوە دانیشتووانی گوندی قزڵیار گوندەکەیان بەجێهێشتبێت و گوتی، "هیچ کەسێک لە دانیشتووانی گوندەکە ئەوێیان بەجێنەهێشتووە. ئێستاش هێزە ئەمنییەکان، تیمەکانی بەرگری شارستانی و چاککردنەوە لە نەوتی باکوور لێرەن و سەرقاڵی چاککردنی بۆرییەکەن."
فەلاح یایچڵی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆرییەکان بەهۆی کۆنییان پێویستییان بە چاککردنەوەی بەردەوامە یاخود دەبێت نوێ بکرێنەوە، بەو مەبەستەش وەزارەتی نەوتیان ئاگادارکردەوە، کە پێویستە بۆریی نوێ دابنرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووبارە نەتەقێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ لەلایەن تیمەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئەو بۆرییەی شکاوە لە دوو شوێن ببڕدرێت و بۆرییەکی نوێ دابنرێت.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە شوێنی تەقینی بۆرییەکە زانیاریی ورد دەدات:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ