رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ لە سەرووی ئاستی 2000 دۆلار بەردەوامە و نرخی هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-11-2023) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ توانی بۆ ماوەیەک ئاستی 2017 دۆلار بشکێنێت بەڵام ئێستا لە نزیکەی 2015 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەردەوامیی دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
بەپێی شرۆڤەکارانی بازاڕی زێڕ، بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، زیاتر لە ئاستی ئێستا، پەیوەستە بە داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵاوسان کە لەم هەفتەیەدا بڵاودەبنەوە.
ئێلیمان دامبێل، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئێف ئێکس ستریت لەو بارەیەوە دەڵێت، "رۆژی سێشەممە داتاکانی پەیوەست بە متمانەی بەکارهێنەر لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە کە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکەن."
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، ئەگەر متمانەی بەکاربەر لە ئەمریکا دابەزێت، دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ، بەو پێیەی کەمبوونەوەی متمانەی بەکارهێنەران لە ئەمریکا، بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە هاندەدات بیر لە بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی نەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ