رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى راپۆرتێکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق، لە دوو مانگدا مووچەى مەدەنیى هەرێمى کوردستان، 25 ملیار زیادی کردووە و مووچەى هێزە ئەمنییەکانیش زیاتر لە 14 ملیار کەمیکردووە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە پێنج هەزار مووچەوەرگر لە هەردوو کەرتەکە، زیاد بوون.
لە راپۆرتێکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق خشتەیەکى بەراوردەکاری لەنێوان پارە و ژمارەى مووچەوەرگرانى هەردوو مانگى نیسان و ئایار کراوە، لە نێوان ئەو دوو مانگەدا، جیاوازیی زیادەى مووچەى فەرمانبەرانى مەدەنى 25 ملیار و 375 ملیۆن و 318 هەزار و 65 دینار بووە.
لەو ماوەیەدا وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، جیاوازیی ژمارەى مووچەوەرگرانى مەدەنی 4848 کەس بووە، 4286ـیان خانەنشینى مەدەنى و 890ـشیان خانەشینى سەربازیى بوون کە زیادیان کردووە.
بەگوێرەى خشتەکە؛ لەنێوان مانگەکانى نیسان و ئایار، پارەى مووچەوەرگرانى ئەمنى و سەربازی کەمیکردووە، بەپێچەوانەى مووچەخۆرانى مەدەنى کە زیادیکردووە.
کەمبوونەوەى مووچەى کەرتى ئەمنى و سەربازی گەیشتووەتە 14 مليار و 864 مليۆن و 362 هەزار و 802 دينار، لە کاتێکدا ژمارەى ئەو مووچەوەرگرانەى لەو کەرتەدان 413 کەسى زیاد کردووە.
لە خشتەکەدا بەکۆى گشتى، 5261 مووچەوەرگر زیادیان کردووە، بڕى جیاوازیى پارەکەش بە هەردوو مووچەوەرگرانی مەدەنى و سەربازییەوە گەیشتووەتە 10 ملیار و 510 ملیۆن و 969 هەزار و 63 دینار.
راسپاردەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق ئەوە بووە کە پەیوەندى بە یەکەى خەرجکردن لە وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێمى کردستان بکرێت بۆ ئەوەى هۆکارى ئەو جیاوازییانە بزانن و، رێکارى پێویست لەو بارەیەوە بگیرێتەبەر.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەشێک لەو جیاوازییە پەیوەندى بەوەوە هەیە کەسانێک لە لیستى مووچەى ئەمنى و سەربازی بوون و خانەشنین کراون، مووچەکانیان چووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی خانەشینى کە لەسەر لیستى مووچەى مەدەنییەوە و ژمارەکە زیاتر دەکات.
بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دیوانى چاودێریى دارایی و فیدراڵ بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لە داهات و خەرجى دەکات و، راپۆرت بۆ لایەنە پەیوەندارەکان بەرزدەکاتەوە وەک هەنگاوێک بۆ ناردنى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ