رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 28-7-2022 نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوامی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی، ئەوەش دوای ئەوەی قەبارەی نەوتی یەدەگکراو لە ئەمریکا دابەزی و خواست بۆ بەنزینیش زیادیکرد. لێدوانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە دەڵێت، رەنگە لە مانگی ئەیلوول سوودی بانکی بەرزنەکاتەوە، هۆکارێکی دیکەیە. هاوکات نرخی زێڕیش بەرزبووەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 40 سەنت بەرزبووەوە و بە 107 دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 52 سەنت بەرزبووەوە و بە 97 دۆلار و 78 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەفتەی رابردوو بەپێی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، کۆگای نەوتی ئەمریکا بە بڕی چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل کەمیکردووە و هەروەها خواست بۆ بەنزین لەو وڵاتە بە رێژەی 8.5% بەرزبووەتەوە، ئەم دوو فاکتەرەش بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی هەرزانتربوون و جیاوازیی نرخی نەوتی سووکی تەکساس، قەبارەیەکی بەرچاو لە نەوتی تەکساس هەناردەی دەرەوە کراوە کە کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی نرخەکان داناوە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا شەوی رابردوو سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ـی دیکە بەرزکردەوە، بەڵام رایگەیاندووە، چاوەڕوان ناکات بەرزکردنەوەی بەپەلە و خێراتری رێژەی سوودی بانکی پێویست بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان و ئەوەش هەستی ئەرێنی خستووەتە ناو بازاڕەکانی بۆرسەی جیهان.
بەشێوەیەکی گشتی، کاتێک بانکی ناوەندی سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە، نرخەکان دادەبەزن.
نرخی زێر بەرزبووەوە
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1737 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ئەوە لەکاتێکدایە لە هەفتەکانی رابردوو بۆ ئاستی 1690 دابەزی بوو.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت کە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا شەوی رابردوو لە گوتارێکدا دوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی جەختی لەوە کردەوە کە لە داهاتوودا رەنگە هێندە پێویست بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی نەبێت.
رۆژی رابردوو نرخی زێڕ بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو بەو پێیەی کە ئاستی 1740 دۆلاری تێپەڕاند.
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە پێویست بە بەرزکردنەوەیەکی زیاتری رێژەی سوودی بانکی هەبێت لە مانگی ئەیلوول دا، بەڵام روونیکردەوە تەنیا لە کاتێکدا ئەو کارە ئەنجام دەدەن کە داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا بیسەلمێنێت ئەو کارە پێویستە.
ناوبراو هەروەها رایگەیاندبوو کە هەندێک ئاماژە هەن دەریدەخەن رێژەی هەڵاوسان بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات و ئەگەری هەیە پێویست بە بەرزکردنەوەیەکی دیکەی سوودی بانکی نەبێت.
بەهۆی تۆنی نەرمی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا و بەو هۆیەشەوە بەهای دۆلار دابەزی کە کاریگەری کردووەتە سەر بەرزکردنەوەی بەهای زێڕ.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 650 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 1.02 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.216 GBP/USD
دۆلار - یەن 135.43 USD/JPY
دۆلار - لیرە 17.87 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 920 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 59.93 روبڵی رووسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ