لێکۆڵینەوەیەک: برسێتی بۆ ملیۆنان بەریتانی دەبێتە دۆخێکی ئاسایی نوێ

28-06-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینەوەیەک ئاشکرای دەکات، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراکەوە، خەریکە برسیبوون بۆ ملیۆنان بەریتانی دەبێتە "دۆخێکی ئاسایی نوێ".
 
رۆژی سێشەممە، 27.6.2023 مێلیسا لیچ، بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەکانی پەرەپێدان لە زانکۆی سەسێکس لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دەستڕاگەیشتن بە خۆراک لە بەریتانیا زۆر نایەکسانە و ئێمە پێمانوایە پێویستە گرنگیی زیاتر بە زاڵبوون بەسەر ئەم نایەکسانییانەدا بدرێت، نەک تەنیا گرنگی بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی خۆراک لە رێگەی کشتوکاڵی بەپیشەسازیکراو".
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، بەر لە 10 ساڵ، کەمتر لە 100 بانکی خۆراک لە بەریتانیا هەبوون، بەڵام لە ساڵی 2021ـدا ژمارەی بانکەکانی خۆراک بۆ دوو هەزار بانک زیادبوون.
 
لێکۆڵینەوە باس لەوەش دەکات، لە ئەیلوولی 2022ـدا، ژمارەی ئەو بەریتانییانەی دەستیان بە خۆراکی پێویست نەدەگەیشت، گەیشتە 9.7 ملیۆن کەس، کە دەکاتە 14٪ـی دانیشتووانی بەریتانیا.
 
لیچ دەشڵێت، لە دەیەی رابردوودا، رێکخراوە خێرخوازییەکان هەنگاویان ناوە بۆ داخستنی ئەو بۆشاییانەی کە وڵات جێیهێشتوون، بەڵام ئەمە رێگەیەکی قبووڵکراو یان بەردەوام نییە بۆ چارەسەرکردنی بڵاوبوونەوەی برسێتی.
 
لێکۆڵینەوەکە لە کاتێکدایە، بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لەمساڵدا تاوەکو مانگی ئایار، نرخی خۆراک لە بەریتانیا زیاتر لە 18% بەرزبووەتەوە.
 
ناوەندی ئاماری بەریتانیاش هەفتەی رابردوو رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا هەڵاوسان وەک خۆی ماوەتەوە و 8.7٪ بووە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و قەیرانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان قورستر دەکات، بەتایبەت کە دانەبەزینی هەڵاوسان ئەگەری زیادکردنی سوودی بانکی لە لایەن بانکی ناوەندیی وڵاتەکەوە زیاتر دەکات.
 
ناوەندی چاودێری رکابەری و بازاڕەکانی بەریتانیا ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئاخۆ نەبوونی کێبڕکێ لە نێوان مارکێتەکانی بەریتانیا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ بۆ کڕیاران یان نا. زنجیرە مارکێتە سەرەکییەکانیش رایانگەیاندووە کە هەرچی لەتوانایاندا بێت دەیکەن بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان.
 
هاوکات ناوەندی ئاماری بەریتانیا رۆژی 21.6.2023 رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا پوختەی قەرزەکانی حکومەت 100٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکەی تێپەڕاندووە. ئەمەش بەو واتایەی کۆی ئەو خزمەتگوزارییانەی ئێستا لە بەریتانیا بەرهەمدەهێنرێن، کەمترن لە قەرزەکانی وڵاتەکە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە