رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممەی لە هۆتێل رۆتانا لە هەولێر دیداری ئەنجوومەنی کاری کوردستانی - بەریتانی بەڕێوەدەچێت.
ئامانجی دیدارەکە کارئاسانی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیایە. لە دیدارەکەدا سێ پانێڵی "بانک و دارایی"، "بازرگانی گشتی" و "پەروەردە" بەڕێوەدەچن بە بەشداری بەرپرس و شارەزایانی ئەو کەرتانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
بڕیارە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی؛ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە ئامادەبن و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییش بانگهێشتی دیدارەکە کراوە.
ئاشتی عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری کوردستانی - بەریتانی بە رووداوی راگەیاند، ئامانجیان راکێشانی وەبەرهێنەری بەریتانیی و کارئاسانییە بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن لە بەریتانیا.
ئەنجوومەنی کاری کوردستانی - بەریتانی - KBBC - رێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە، ئامانجەکەی دروستکردنی پردێکی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیایە و هاوکاریکردنی هەردوولا لە دۆزینەوەی هاوبەشی گونجاو لە بازاڕی کاری بەریتانیا و کوردستان.
بەریتانیا ناوەندی دارایی جیهانە و زۆربەی مامەڵە داراییەکان و ئاڵوگۆڕی بانکی لەلایەن بانکەکانی بەریتانییەوە ئەنجامدەدرێن یان ئەو بانکە ئەمریکییانەی کە لقیان لە بەریتانیا هەیە. پەیوەندی دارایی و بانکی لەگەڵ بەریتانیا دەتوانێت کاریگەریی گەورە لەسەر کەرتی بانکی هەرێمی کوردستان دابنێت.
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە، "لە کەرتی بانکداریدا ئامانجی ئەنجوومەنەکە دۆزینەوەی رێکاریی گونجاوە بۆ هاتووچۆی پارە لە رێگەی سیستمێکی بانکی و تاوتوێی نەبوونی سیستمێکی تۆکمەی بانکی لە هەرێمی کوردستاندا."
بازرگانی لە نێوان عێراق و بەریتانیا؛ کوردستان و بەریتانیا لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە جیاوازە، لە 2020دا ئاستی بازرگانی عێراق و بەریتانیا 675 ملیۆن دۆلار بووە. لە 2021دا بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی بەریتانیا 551 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ