رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت بۆ ماوەی سێ رۆژی یەک لە دوای یەک بەردەوامیدا بە بەرزبوونەوەکانی خۆی و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەرووی 116 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1826 دۆلار بەرزبووەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سعودیە و ئیمارات پێناچێت توانای زیاتریان لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان هەبێت، هەروەها بەهۆی ئاڵۆزیی بارودۆخی لیبیا و ئیکوادۆر، خستنەڕووی نەوتیش کەمیکردووە.
بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە 28-6-2022، نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار و 26 سەنت بەرزبووەوە و بە 116 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 110 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سعودیە و ئیمارات بەو دوو وڵاتانە دەناسریان کە توانای قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی نەوتی رووسیایان هەیە، بەڵام بەپێی تۆبین گۆڕی، سەر بە بانکی کامن وێلس، ئەو دوو وڵاتە نزیکبوونەتەوە لە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان و لەبەرئەوەش توانایەکی کەمیان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی نەوتی رووسیا.
سوهەیل مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە تەواوی توانای خۆیەوە نەوت بەرهەم دەهێنێت کە بەپێی ئەو پشکەی لە ئۆپێک پڵەس بۆی دانراوە نزیکەی 3 ملیۆن و 168 هەزار بەرمیلە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای گوتووە کە ئیمارات توانای زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی نیە و سعودیەش ئەو پەڕی دەتوانێت رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنێت.
شاندێکی ئەمریکی سەردانی ڤەنزۆیلای کردووە بۆ ئەوەی زەمینە لەباربکەن و بۆ رێگەدان بە گەڕاندنەوەی نەوتی ڤەنزۆیلا بۆ بازاڕی نەوت.
نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 1826 دۆلار بەرزبووەوە
نرخی زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەبەر دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1826 دۆلار.
بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێر ئەمڕۆ لە کاتێکدایە کە بەهای کانزای زێڕ شەوی رابردوو لە کاتی داخستنی بازاڕ دابەزی بوو بۆ نزیکەی 1822 دۆلار.
وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت بڕیارە ئەمڕۆ بە فەرمی قەدەخەی هاوردەکردنی زێڕ لە رووسیاوە رابگەیێنن کە وەک پاڵپشتییەک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کاریگەری لەسەر بازاڕدا دروستکردووە.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 125 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 1.05 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.22 GBP/USD
دۆلار - یەن 135.304 USD/JPY
دۆلار - لیرە 16.56 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 30 هەزار و 300 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 53.43 روبڵی رووسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ