4 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکانی ورمێ هاتووچۆیان کردووە

28-02-2024
فواد حەقیقی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی ورمێ دەڵێت، لە 11 مانگی رابردوودا 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلامیش باس لەوە دەکات، 7 ملیۆن و 440 هەزار کەس تەنیا لە دەروازەی سنووریی مێرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
ئیرەج دەستنیشان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە 11 مانگی رابردوودا 4 ملیۆن و 478 هەزار کەس لە 5 دەروازەی سنووریی ئەو پارێزگایەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
بەگوتەی ئیرەج دەستنیشان، زۆرترین هاتووچۆ لە دەروازەی سنووری رازییەوە بووە کە یەک ملیۆن و 532 هەزار کەس بووە؛ یەک ملیۆن و 437 هەزار کەسیش لە دەروازەی سنووریی بازرگانەوە هاتووچۆیان کردووە؛ لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانیشەوە 825 هەزار و 77 کەس هاتووچۆیان کردووە.
 
دەروازەی سنووری رازی لەگەڵ پارێزگای وان لە باکووری کوردستان و دەروازەی سنووری بازرگانیش لەگەڵ پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان هەڵکەوتووە.
 
هاوکات زاهدین چەشمە خاوەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلام گوتی، لە 11 مانگی رابردوودا، 7 ملیۆن و 440 هەزار و 502 کەس لە دەروازەی سنووری مێرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
زۆرینەی ئەو کەسانەی لە دەروازەی مێرانەوە هاتووچۆیان کردووە، زیارەتکار بوون و بەشێکی زۆریان لە بۆنە ئایینییەکانی وەک چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامی شیعە مەزهەبەکان، چوونەتە عێراق.
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلام، ئەم ساڵ هاتووچۆ بەراورد بە پار 40٪ زیاتر بووە؛ پار 5 ملیۆن و 302 هەزار کەس هاتووچۆیان کردبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە