بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە

27-07-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای هەفتەیەک لە دابەزینی بەردەوام، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و لە بازاڕی دراوی هەولێر 100 دۆلار بە 154 هەزار و، لە بازاڕی دۆلاری سلێمانیش 100 دۆلار بە 153 هەزار و 250 دیناری عێراقییە. گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانیش دەڵێت، ئەگەر هیچ روونەدات، "بەدڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 27.7.2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێردا 100 دۆلار بە 155 هەزار و 750 دیناری عێراقی بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 154 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هاوکات، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بۆ رووداو گوتی، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دۆلاری سلێمانی 100 دۆلار بە 156 هەزار و 250 دیناری عێراقی بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 153 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەم پێیە، تەنیا ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار لە بازاڕی دراوی هەولێر هەزار و 750 دینار و، لە بازاڕی دۆلاری سلێمانیش سێ هەزار دینار دابەزیوە.
 
بە گوتەی حاجی سابیر، دەستپێکردنەوەی حەواڵە بۆ چین کە چەند رۆژێک وەستابوو، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بووە، چونکە ئەو بازرگانانەی کاڵا لە چینەوە هاوردە دەکەن، پێویست ناکات بۆ وەرگرتنی دۆلار بێنەوە بازاڕ، بەڵکوو بە نرخی فەرمی دۆلاریان پێدەدرێت.
 
حاجی سابیر دەڵێت، پێشبینی ناکەن بەهای دینار بەو شێوە بەرچاوە دابەزێت کە باس دەکرێت، بەڵکو پێشبینی دەکەن لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە بەرزبوونەوە بکات.
 
ئەو ئەندامە گوتیشی، حاجی سابیر هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق بە پێدانی دۆلار بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی A و B دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەرزبوونەوەی دینار بەرامبەر دۆلار دەبێت.
 
بەگوتەی حاجی سابیر باواجی، بە جێبەجێکردنی بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق بە پێدانی دۆلار بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی A وB ، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەبێتەوە و رەنگە بە تێپەڕبوونی کات، 100 دۆلار بگاتە 145 بۆ 146 هەزار دینار.
 
هاوکات، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانیش دەڵێت، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەهۆی ترسی زۆر و هەواڵە "نادروستەکانی" سزادانی بانکی ناوەندیی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە بووە و کاتییە.
 
جەبار گۆران دەڵێت، ئەگەر هیچ رووداوێکی لەناکاو روونەدات و تەنانەت ئەگەر دۆخەکەش بەو شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، "بەدڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە". 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە