کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق: ئەمساڵ 4 ملیۆن تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرین

27-05-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان و د. حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان و د. حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 500 هەزار تۆنم گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووە و بەنیازن ئەمساڵ بڕەکەی بەرزبکەنەوە بۆ 4 ملیۆن تۆن. دەشڵێت، 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و ئەگەر پێویست بکات، گەنمی زیاتریش وەردەگرن.
 
ئەمڕۆ شەممە، 27-05-2023، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان و د. حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا. کەمال موسلیم گوتی، بڕیارە حکومەتی عێراق 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگرێت و داوایان کردووە ئەو رێژەیە زیاتر بکرێت. گوتیشی، پارەی پێویست لە بانکەکان هەیە.
 
هاوکات بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق گوتی، تاوەکو ئێستا نازانن بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان چەند دەبێت، بەڵام ئەوان بڕیاریان داوە 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرن و ئەگەر پێویستی کرد، رەنگە گەنمی زیاتریش وەربگرن.
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بۆ ‏چارەسەركردنی کێشەی کەمیی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، ‏پەیوەندیمان بە بەرپرسانی حكومەتی عێراقەوە كردووە ‌و داوامان کردووە گەنمی زیاتر لە جووتیاران وەربگیرێت". گوتیشی، "بڕیارە داواكارییەكەمان بگاتە ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق" و جێبەجێ بکرێت.
 
ئەو بەڕێوەبەرەی کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە و بەنیازن ئەمساڵ ئەو رێژەیە بۆ 4 ملیۆن تۆن بەرزبکەنەوە کە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. دەشڵێت، هەرچی دانەوێڵەی جووتیاران بێت وەری دەگرن و رێگە بە هاوردەکردنی گەنم لە دەرەوە نادەن.
 
بە گوتەی د. حەیدەر، 40 ملیار دینار لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان هەن، 20 ملیار لە سلێمانی، 10 ملیار لە هەولێر و 10 ملیاریش لە دهۆک ئامادەن و دوای وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، چەکی پارەکانیان پێدەدرێت. ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمساڵ ئاسانکاریی باش کراوە و دەوامی سایلۆکانیان زیاد کردووە، لە 08:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 12ـی شەو فەرمانبەرانی سایلۆکان دەوام دەکەن.
 
پار حکومەتی عێراق 322 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتبوو، بەڵام وەکو حەیدەر گەرعاوی دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی: گرنگیی تایبەت بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بۆیە ئەو رێژەیەیان بەرزکردووەتەوە بۆ 375 هەزار تۆن و ئەگەر زانییان بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زۆرە، هەوڵدەدەن گەنمی زیاتریش وەربگرن.
 
حەیدەر گەرعاوی باسی لەوە کرد، رێککەوتن کراوە بۆ وەرگرتنی 175 هەزار تۆن گەنمی دیکەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری بوونی بڕێکی دیکەی بەروبوومی جوتیارانی هەرێمی کوردستان. گوتیشی، "ئامانج لەم بڕیارە وەرگرتنی کۆی گشتیی بەروبوومی جووتیارانە. هەروەها وەک کۆمپانیای دانەوێڵە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێککەوتووین بە وەرگرتنی هەموو بەروبوومەکان، ئەگەر ئەمڕۆش وەرنەگیرێت سبەی یان دوای مانگێک وەری دەگرین. بۆ ئەمەش بڕیارێکی دیکەی بۆ دەردەکەین و بەپێی ئەو بڕەی ماوەتەوە دەست بە وەرگرتنی دەکەین."
 
ئەمڕۆ شەممە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرانەوە. ساڵی رابردوو لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن و 100 کیلۆ گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.
 
ساڵی 2021 وەرگرتنی گەنم کەمتر بوو لە ساڵی 2022، بەجۆرێک لەو ساڵەدا لە پارێزگای هەولێر 46 هەزار تۆن، لە سلێمانی 72 هەزار تۆن و لە دهۆک تەنیا حەوت هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی

لە ساڵی 2025 فرۆشتنى دۆلار لە عێراق دەگۆڕدرێت

ساڵی 2025 بانکى ناوەندى فرۆشتنى دۆلار لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى دادەخات و دەیداتە دەست ژمارەیەک بانک، 'فرۆشتنى دۆلار خێرا و زۆرتر دەبێت'، بە گوتەى پسپۆڕێکى بانکى، پێشبینى دەکرێت ئەمە بەهاى دینار بەرزبکاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو بانکە ئەمساڵ 60.4 ملیار دۆلارى فرۆشتووە کە 93.3%ـی بۆ حەواڵەى دەرەکى بووە و چووەتە دەرەوەى عێراقەوە.