ئەو 14 بانکەی عێراق کە لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون: ملکەچی هەموو جۆرە وردبینییەکین

26-07-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن دراو عێراق دینار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەردەوامە لە دابەزین، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 157 هەزار دینار، ئەمەش بۆ سزادانی چەند بانکێکی عێراق دەگەڕێتەوە لەلایەن ئەمریکاوە، بانکەکان ئەمڕۆ رایانگەیاند ملکەچی هەموو جۆرە وردبینییەک دەبن.
 
ئەو 14 بانکەی مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەخەکراوە، هۆشداری لە "لێکەوتە خراپەکان"ـی قەدەخەکردنی مامەڵەی دۆلار دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26-07-2023) لە شاری بەغدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان رێکخست. 
 
حەیدەر شەمماع بەیاننامەی هاوبەشی ئەو بانکانەی خوێندەوە، کە تێیدا هاتووە "رۆژی پێنجشەممە 20ـی تەمموزی 2023 بانکی ناوەندی عێراق راگرتنی مامەڵەی دۆلار لەگەڵ بانکەکان راگەیاند، ئەمەش لەسەر رێنمایی بانکی فیدراڵی ئەمریکی، لەکاتێکدا بەداخەوە بۆ ئەو رێنماییە."
 
حەیدەر شەمماع گوتی "ئێمە، بە باشترین پێوەرەکانی لێکۆڵینەوە، وردبینیمان کردووە لە رێگەی کارمەندانی عێراقی و بیانی پسپۆر و پرۆگرام و سیستەمی پێشکەوتووی جیهانی کە لە باشترین بانکەکانی جیهان جێبەجێ دەکرێن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ هەموو کۆمپانیا و کەسەکاندا کردووە ئەمەش بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەی لیستی ئۆفاکی ئەمریکی، هەموو ئەمانە بۆ ئەوە بوون خۆمان لە مامەڵەی گوماناوی بەدوور بگرین."
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو 14 بانکەی بەوە تۆمەتبار کردووە؛ دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە، کە سزای ئەمریکایان لەسەرە. 
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا حەیدەر شەمماع جەختی کردەوە لەوەی "لە ژێر چەتر و چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکەین، چەندین خزمەتگوزاریی بانکی پێشکێش دەکەین، لەوانەش پارەدارکردنی هاوردەی دەرەکی، ئامادەین مامەڵەکانمان ملکەچی هەموو جۆرە وردبینییەک ببێتەوە، جا بانکی ناوەندی عێراق بێت یان کۆمپانیای وردبینی جیهانی و هەموو بەرپرسیاریەتییەکیش لە هەر سەرپێچییەک بێت، لە ئەستۆ دەگرین."
 
ئەو بانکانە هۆشداری دەدەن و دەڵێن: "قەدەخەکردنی مامەڵەکردن بە دۆلار لە نزیکەی یەک لەسەر سێی بانکەکانی عێراق، لە چەندین بواردا لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە، نەک تەنیا بۆ سەر بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بەڵکو کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر چەندین ئاراستەدا لە نێویاندا راگرتنی وەبەرهێنانی دەرەکی" . 
 
ئەو بانکانە داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەن بە هەموو شێوەیەک کاربکات بۆ هەڵگرتنی ئەو زیانانەی سەریان و پشتیوانی پێویستیان بکرێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023، بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی گشتاندنی بۆ سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراو و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان کردووە؛ تێیدا دەڵێت، بڕیاردراوە ئەو بانکانەی ناویان لە خوارەوە هاتووە، نابێت لە رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023ـوە بە دۆلار مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. قەدەخەکردنی مامەڵەی ئەو بانکە عێراقییانەش بە دۆلار بەهۆی وردبینی بووە لە حەواڵەی بانکیی ساڵی رابردووی بانکەکان.
 
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو بانکانەی مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەخە کراوە، بەوپەڕی ئازادییەوە دەتوانن مامەڵە بە دینار بکەن و لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی سیستمی بانکیی عێراقی سوودمەندبن، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاستی نێودەوڵەتی دەتوانن مامەڵە بە دراوی دیکە بکەن، جگە لە دۆلاری ئەمریکی.
 
بانکەکان بریتین لە:
 
1- بانکی راوێژکاریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
2- بانکی قرتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 
3- بانکی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 
4- بانکی ئیلافی ئیسلامی
5- بانکی هەولێر بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
6- بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
7- بانکی عەبرە عێراق بۆ وەبەرهێنان
8- بانکی موسڵ بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان
9- بانکی راجحی  ئیسلامی
10- بانکی سۆمەری بازرگانی
11- بانکی متمانەی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
12- بانکی دارایی ئیسلامی
13- بانکی (العالم)ی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
14- بانکی زینی عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 

 

 

  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.