رووداو دیجیتاڵ
سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ساڵی رابردوو 1,232 كۆمپانیا له هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون، ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌راورد به ساڵی پێشتر به رێژه‌ی 35.4% کەمیکردووە.
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان، له هه‌رێمی كوردستان 30 هه‌زار و 622 كۆمپانیا تۆماركراون، له‌م ژماره‌یه‌ش 27 هه‌زار و297 كۆمپانیا خۆماڵین و 3 هه‌زار و325 كۆمپانیا‌ش لقی كۆمپانیا بیانییه‌كانن.
بۆ تۆماری كۆمپانیاكان وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان، كار به یاسای ژماره 21ی ساڵی 1997ی هه‌مواركراو و بڕیاری ژماره 64ی ساڵی 2004 ده‌كات.
به‌پێی داتاكان تاوه‌كو ساڵی 2003 ته‌نیا 1,194 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆماركرابوون: (1,125 كۆمپانیای خۆماڵی و 69 كۆمپانیای بیانی)، به‌ڵام دوای پرۆسەی ئازادی عێراق تاوەکو 2013 ژماره‌ی كۆمپانیاكان به‌خێرایی رووی له هه‌ڵكشان كرد، به جۆرێك له ساڵی 2013 ژماره‌ی كۆمپانیای تۆماركراوەکان گه‌یشته 20 هه‌زار و 180 كۆمپانیا.
به‌رزترین ژماره‌ی تۆماركردنی کۆمپانیاش له ساڵی 2013 بوو، كه 3 هه‌زار و423 کۆمپانیا بوو، به‌ڵام به‌هۆی بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن به‌غدا و شه‌ڕی داعش، تۆمارکردنی كۆمپانیا ساڵ به ساڵ پاشه‌كشێی كرد، به جۆرێك له ساڵی 2018 گه‌یشته كه‌مترین ئاست و له‌و ساڵه‌دا ته‌نیا 842 كۆمپانیا تۆماركران.
له ساڵی 2019 به‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ رۆتین و به ئه‌لیكترۆنیكردنی تۆماركردن، دووباره دامەزراندنی كۆمپانیا رووی له گه‌شه كرده‌وه، له‌و ساڵه‌دا 1,909 كۆمپانیا (1,848 كۆمپانیای خۆماڵی و 61 كۆمپانیای بیانی) تۆماركران.
ساڵی رابردوو به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كه‌ره‌نتین و قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆ ته‌نیا 1,232 كۆمپانیا (1,204 كۆمپانیای خۆماڵی و 28 كۆمپانیای بیانی) تۆماركراون، ئه‌م ژماره‌یه به‌راورد به ساڵی پێشتر به رێژه‌ی 35.4% كه‌میكردووه، به‌ڵام به‌راورد به ساڵی 2018 به رێژه‌ی 31.7% زياديكردووه.
فه‌تحی محه‌ممه‌د، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و بازرگانی، ده‌ڵێت: "به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی ساڵی رابردوو رووی له جیهان و عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد، زۆربه‌ی چالاكییه بازرگانی و ئابوورییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان پاشه‌كشێیان كرد، ته‌نیا هاورده‌كردنی ده‌رمان و خۆراك بووژانەوە، بۆیه ده‌توانین ساڵی 2020 به ساڵی وشكه‌ساڵی ئابووری و بازرگانی دابنێین، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وەی له‌سه‌ر تۆماری كۆمپانیاكان هەبوو".
له زۆربه‌ی وڵاتاندا، كۆمپانیا بازرگانییه‌كان رۆڵی كاریگه‌ریان له ره‌خساندنی هه‌لی كار و بووژانه‌وه‌ی ئابوورییدا هه‌یه، ئه‌و‌یش له رێگه‌ی ئەو باج و رسمانه‌ی حكومه‌ت له قازانجی كۆمپانیاكان ساڵانه ده‌ستی ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان هێشتا جۆرێك له‌خۆدزینه‌وه له باج هه‌یه.
فه‌تحی محه‌ممه‌د، ده‌ڵێت: "ئاسانكاریی ته‌واومان بۆ دامه‌زراندنی كۆمپانیا كردووه، چونكه چه‌ند ژماره‌ی كۆمپانیا بازرگانییه‌كان زیاتر بن، ده‌رفه‌تی كار زیاتر بۆ گه‌نجان ده‌ره‌خسێت و حكومه‌تیش له رێگه‌ی وه‌رگرتنی باج و ره‌سمی گومرگی و نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت داهاتی زیاتری ده‌ستده‌كه‌وێت".
فەتحی محه‌ممه‌د، به پێویستی ده‌زانێت پێداچوونه‌وه‌ی زیاتر به تۆماری كۆمپانیاكان بكرێت و ئه‌و كۆمپانیایانەی چالاكیان نییە و ته‌نیا ناون، دۆسیه‌كانیان پاكتاو بكرێت و هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه، ئه‌وانه‌شی چالاكن به‌گوێرەی قازانجی ساڵانه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه باجیان لێ وه‌ربگیرێت.
پشكی شێری تۆماری كۆمپانیاكان به‌ر پارێزگای هه‌ولێر كه‌وتووه به جۆرێك له كۆی ئه‌و 30 هه‌زار و 622 كۆمپانیایه‌ی له هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون، 19 هه‌زار و 186 كۆمپانیا له هەولێرن (16,791 خۆماڵی و 2,395 بیانی). جگه له‌وه‌ش 366 له‌و كۆمپانیایانه‌ی له سلێمانی و دهۆك دامه‌زراون له‌و پارێزگایه نووسینگه‌یان كردووه‌ته‌وه.
به‌پێی داتاكان ساڵی رابردوو 804 كۆمپانیای خۆماڵی و 28 كۆمپانیای بیانی له هه‌ولێر دامه‌زراون، كه ده‌كاته زياتر له 67.5%ی كۆی كۆمپانیا تۆماركراوه‌كانی ساڵی رابردووی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌راورد به ساڵی پێشتر تۆماركردنی كۆمپانیا له هه‌ولێر به رێژه‌ی 32.4% كه‌میكردووه.
پشتیوان وه‌رتی، به‌ڕێوه‌بەر‌ی تۆماری كۆمپانیاكانی هه‌ولێر، ده‌ڵێت: "به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كه‌ره‌نتین، ساڵی رابردوو زیاتر له دوو مانگ ده‌وام راگیرا، دواتریش بۆ خۆپارێزی ده‌وام كه‌مكرایه‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگەری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان هەبوو".
زۆربه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی ساڵی رابردوو دامه‌زراون تایبه‌ت بوونه به بازرگانیی گشتی، به‌دواداچوونی كاروباری نشینگه‌ی بیانی، خزمه‌تگوزاریی پاكکردنه‌وه، دابه‌شكردنی خۆراک، بریكارنامه‌ی بازرگانی، بازرگانی هاورده‌ی ئاژه‌ڵی زیندوو پێداویستی كشتوكاڵی.
كۆمپانیای وه‌رزی بێستان بۆ بازرگانی هاوده‌كردنی پێداویستی كشتوكاڵی یه‌كێك بوو له‌و كۆمپانیایه‌ی کە ساڵی رابردوو له هه‌ولێر دامه‌زراوه.
جوانڕۆ شێرزاد، خاوه‌نی كۆمپانیای وه‌رزی بێستان، ده‌ڵێت: "هه‌رچه‌نده به‌هۆی ئه‌و هه‌موو باج و ره‌سمانه‌ی له كاتی هاورده‌كردنی كاڵا و نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی ساڵانه‌ی كۆمپانیا وه‌رده‌گیرێت، بازرگانییه‌كه‌مان خێری نه‌ماوه، به‌ڵام بۆ راپه‌راندنی كاره‌كانمان، ناچاربووین كۆمپانیایه‌ك دابمه‌زرێنین".
له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی زیادكردنی داهاتی حکومەت، خه‌رجی تۆمارکردنی كۆمپانیا‌ش زیادیكردووه ئێستا تێچووی دامه‌زراندنی كۆمپانیا نزیكه‌ی 2 تاوه‌كو 3 هه‌زار دۆلارە.
جوانڕۆ شێرزاد ده‌ڵێت: "جگه له‌و خەرجییە، رۆتینێكی زۆر له تۆماركردنی كۆمپانیا هه‌یه، كه زۆرجار واتلێده‌كه‌ن پاشگه‌زبیته‌وه له دامه‌زراندنی كۆمپانیا".
هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا
به‌هۆی كاریگه‌ری قه‌یرانی دارایی و هۆكاری دیكه له چه‌ند ساڵی رابردوودا 892 كۆمپانیا له هه‌ولێر هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه و له دوو ساڵی رابردووش 610 كۆمپانیای دیكه داوای پاكتاوكردنی كۆمپانیاكه‌یان كردووه له‌م ژماره‌یه 186 كۆمپانیا دۆسیه‌كانیان یه‌كلاكراوته‌وه و هه‌ڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه، ئه‌وانی دیكه‌ش دۆسیه‌كانیان له‌ژێر پاكتاودان.
پشتیوان وه‌رتی ده‌ڵێت: "زۆربوونی داواكاری بۆ پاكتاوكردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمپانیاكان به‌شێكی بۆ كاریگه‌ری قه‌یرانی دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا تووشی زیانی گه‌وره بوون و توانای به‌ڕێوبردنی كۆمپانیایان نه‌ما و به‌شێكی دیكه‌شیان به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی باجە، كه زۆرجار ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ته‌كه‌یان نوێ بكه‌نه‌وه خه‌رجی زیاتریان ده‌چێت له‌وه‌ی كۆمپانیایه‌كی تازه دابمه‌زرێنن، بۆیه كۆمپانیا كۆنه‌كه هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه و كۆمپانیایه‌كی تازه داده‌مه‌زرێنن".
بارودۆخی تۆمارکردنی كۆمپانیا له پارێزگای سلێمانی له هه‌ولێر باشتر نییه. ساڵی رابردوو له‌و پارێزگایه ته‌نیا 360 كۆمپانیا دامه‌زراون، ئه‌مه له‌كاتێكدایه ساڵی پێشتر زیاتر له 600 كۆمپانیا تۆماركرابوون، واته ژماره‌ی تۆمارکردنی كۆمپانیا له ساڵی 2020 به‌راورد بە 2019 له سلێمانی 40% كه‌میكردووه. جگه له‌وه‌ش 110 كۆمپانیا پاكتاوكراون، ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا‌ش دۆسیه‌كانیان له‌ژێر پاكتاوکردندایە.
سۆران ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری كۆمپانیاكانی سلێمانی ده‌ڵێت: "هۆكاری زیادبوونی داواكاری بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمپانیاكان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و هه‌موو باجه بێ بنه‌ما و نازانستییه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ساڵانه له كۆمپانیاكان وه‌رده‌گیرێت یان ناچار ده‌كرێن به دانی ".
سۆران ئه‌حمه‌د به‌پێویستی ده‌زانێت پێداچوونه‌وه به وه‌رگرتنی باج بكرێت و به‌شێوه‌یه‌کی زانستی و دادپه‌روه‌رانه وه‌ربگیرێت، چونكه ئه‌و پێیوایه: "فه‌لسه‌فه‌ی وه‌رگرتنی باج له بنه‌ڕه‌تدا ته‌نیا بریتی نییه له كۆكردنه‌وه‌ی پاره و داهات، به‌ڵكو بریتییە له رێكخستنی به‌ده‌ستهێنانی داهات و به‌رده‌وامبوونی ئەو داهاتە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ