100 دۆلار بە 153 هەزار و 600 دینارە

25-07-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بەهای دینار لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەرامبەر دۆلار کەمێک بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 153 هەزار و 600 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 25-07-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراودا 100 دۆلار بە 153 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکرا، دواتر بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار گەیشتە 153 هەزار و 200 دینار، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار گەیشتە 153 هەزار و 600 دیناری عێراقی.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکاندا گەیشتە 154 هەزار و 100 دینار، بەڵام لەکاتی داخستندا بۆ خوار ئەو ئاستە دابەزی.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەشڵێت، پێشبینی دەکەن ئەم دابەزینەی بەهای دینار کاتی بێت و دواتر قۆناخ بە قۆناخ بەرزبێتەوە. 
 
حاجی سابیر هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق بە پێدانی دۆلار بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی A و B دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەرزبوونەوەی دینار بەرامبەر دۆلار دەبێت.
 
بەگوتەی حاجی سابیر باواجی، بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەبێتەوە و رەنگە بە تێپەڕبوونی کات، 100 دۆلار بگاتە 145 بۆ 146 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 220 ملیۆن و 395 هەزار و 488 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە، 186 ملیۆن و 455 هەزار و 488 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 33 ملیۆن و 940 هەزاریشی بە شێوەی کاش بوو.
 
هۆکاری ئەم دواییەی دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەمریکا کە 19ـی ئەم مانگە مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کرن کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
 
لە دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، فرۆشی نەختینەی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق کە کاریگەری لەسەر بەهای دینار لە نێوخۆدا هەیە، بۆ نزیکەی نیوە بەراورد پێش بڕیارەکە کەمیکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە