رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، 100 دۆلاری ئەمریکی بە 153 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. لە بازاڕی دۆلاری سلێمانیش 100 دۆلاری ئەمریکی بە 153 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 25-07-2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دراو 100 دۆلار 153 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام کاژێر 11:13ـی پێشنیوەڕۆ بە 153 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، واتا دینار بە بڕێکی کەم بەهای بەرزبووەتەوە، ئێستا لە بەغداش بە هەمان نرخی هەولێرە.
بەگوتەی حاجی سابیر باواجی، دوێنی دووشەممە لەگەڵ داخستنی بازاڕی دراو، 100 دۆلار بە 153 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەکراوە و دەشڵێت: "پێشبینی دەکەم دینار دووبارە بەرزببێتەوە و ئەم بەرزبوونەوەی دۆلار کاتییە و بەهۆی سزای ئەمریکایە بەسەر چەند بانکێکی عێراقی، ئیدی چاوەڕوانین بزانین ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق چەند پارە دەخاتەڕوو بەگوێرەی ئەوەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت."
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت: "تاوەکو کاژێر 11:10 خولەکی پێشنیوەڕۆ لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلاری ئەمریکی بە 153 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت."
رۆژی 19ی تەممووز، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقیدا قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردن کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە، سزای ئەمریکایان لەسەرە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاندووە، کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ