رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند ئەو گازەى لە ئێرانەوە هاوردەى دەکەن، بەشى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا ناکات. دەشڵێت، دەستپێکردنى قۆناخى یەکەمى بەرهەمهێنانى کارەبا لەرێگەى وزەى خۆرەوە، دەکەوێتە ساڵى داهاتوو.
ئەو گوتانەى حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقدا بووە کە میدیاى فەرمى بەشێکى لێ بڵاوکردووەتەوە.
وەزیرى نەوت رایگەیاندووە هاوردەکردنى گازى ئێرانى بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا بەردەوامە، بەڵام ئەو گازە بەشی کارپێکردنى سەرجەم وێستگەکانى کارەبا ناکات.
وەزارەتى کارەبا گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیی ئێران واژۆ کردووە بۆ ئەوەى بۆ ماوەى پێنج ساڵ، رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی لێ بکڕێت، کە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا بەکاردەهێندرێت.
حەیان عەبدولغەنی رایگەیاند بەرهەمهێنانى گازى وشک دوو ملیار مەتر سێجاى تێپەڕاندووە، ئەم ساڵ وەبەرهێنان لە گاز بەرزبووەتەوە، دەستیان بە جێبەجێکردنى هەشت پڕۆژەى وەبەرهێنانى گازى هاوەڵ کردووە.
بەگوێرەى نوێترین ئامار کە لەلایەن زیاد عەلى فازڵ، وەزیرى کارەباى عێراق بڵاوکراوەتەوە، 19 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت و لەهەوڵدان بیگەیێننە 32 هەزار مێگاوات لەکاتێکدا لە وەرزى گەرما عێراق پێویستى بە نزیکەى 40 هەزار مێگاوات دەبێت.
وەزیرى نەوتى عێراق ئاماژەى بەوە داوە قۆناخى یەکەمى وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆر لە ساڵى 2025 جێبەجێدەکرێت، بۆ قۆناخى یەکەم رۆژانە 250 مێگاوات کارەبا لەو رێگەیەوە بەرهەم دەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ