رووداو دیجیتاڵ
قەڵا کەلەپوورییەکانی فەرەنسا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە کێشەیان بۆ دروستبووە، یەکێک لەو قەڵایانە قەڵای مێن سونوانگە کە پەنجەرەکانی کۆن بوون، تێچووی چاککردنی هەر پەنجەرەیەکیش 10 هەزار یۆرۆیە.
قەڵای مێن سونوانگە لە ناوەڕاستی فەڕەنسایە، لە سەتەی 12 دروستکراوە و یەکێکە لە سامانە کەلەپوورییەکانی وڵاتەکە. بەرزبوونەوەی نرخی وزە زیانی بە قەڵاکە گەیاندووە. قەڵاکە 148 پەنجەرەی تێدایە، خاوەنی قەڵاکە دەڵێت، پەنجەرەکان کۆن بوون و سەرما ناگەڕێننەوە، چاککردنی هەر پەنجەرەیەکیش 10 هەزار یۆرۆی تێدەچێت.
خافێر لێلێڤ، خاوەنی قەڵای مێن سونوانگ دەڵێت، "مێن قەڵایەکی تایبەت و مۆنۆمێنتێکی مێژووییە، دەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کولتووری رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ دروستکردنی کەرەستەی پتەوتر، بۆ نموونە پەنجەرەکان. دەبێت هاوسەنگی لە بەرهەمەکان هەبێت کە وابکات دۆخی وزە لە قەڵاکە باشتر ببێت."
لە زستانی ساڵی رابردوو لێلێڤ 15 بۆ 20 هەزار یۆرۆ پارەی گاز و کارەبای داوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە پێشبینی دەکات پێنج هێندە زیاتر پارە بدات و بڕەکە بگاتە 75 بۆ 100 هەزار یۆرۆ.
قەڵای چامبۆرد، کە هێشتا خەڵک سەردانی دەکەن و ناوی لە لیستی شوێنە کەلوپوورییەکانی یونسکۆ تۆمار کراوە، ئێستا ئاگردانی قەڵاکە تاکە سەرچاوەی خۆگەرمکردنەوەیە.
یان دیهاوزنڤڵ، بەڕێوەبەری قەڵای چامبۆرد ئاماژە بەوە دەکات، "نرخی گاز و کارەبا لە ماوەی دوو ساڵدا دوو هێندە بەرزبووەتەوە، ئەوەش تێچوویەکی زۆرە. پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن وزەی سەوز بکەینە سەرچاوەی وزەمان؟"
بە گوتەی یان، ساڵانە 30 ملیۆن یۆرۆ بودجە بۆ قەڵای چامبۆرد تەرخانکراوە، لە ساڵی 2021دا 260 هەزار یۆرۆ پارەی گاز و کارەبای داوە، بەڵام لە بودجەی 2023دا بڕی 600 هەزار یۆرۆ بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە. بەو هۆیەوە بڕیاریان داوە ساڵی داهاتوو بەکارهێنانی وزە 10% کەمبکەنەوە.
بەپێی ماڵپەڕی مای فرێنچ هاوس، لە سەرانسەری فەرەنسا نزیکەی 40 هەزار قەڵا هەن، کە 49یان لە لیستی شوێنە کەلەپوورییەکانی یونسکۆدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ