عێراق دەرگەى هاوردەکردنى شێلم و چەوەندەرى کردەوە

24-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق رەزامەندیی دا بۆ رێگەدان بە هاوردەکردنى پێنج بەرهەمى کشتوکاڵى لەوانە شێلم و چەوەندەر. بەرپرسێکى کشتوکاڵى ھەرێمى کوردستان دەڵێت: "هاوردەکردنى ئەو بەرهەمانە بە درێژایی ساڵ قەدەخەیە." لەکاتێکدا هەردوولایان لە رۆژنامەی کشتوکاڵیدا هاوبەشن. 
 
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەى دووشەممەى ئەنجوومەنى وەزارى ئابوویى عێراق دراوە، کە بە سەرۆکایەتى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و سەرۆکى ئەنجوومەنەکە بووە. 
 
لە راگەیێندراوێکدا نووسینگەى رۆژنامەڤانیى ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق هاتووە: "لەسەر داواى وەزارەتى کشوکاڵ بڕیاردراوە بە کردنەوەى دەرگەى هاوردەکردنى بەرهەمە زستانییەکانى کەلەرم، قەرنابیت،کاهوو، شێلم و چەوەندەر".
 
هیوا عه‌لی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵى فیدڕاڵ و لە رێگەى رۆژژمێرى کشتوکاڵییەوە لە پرسى هاوردەکردنى بەروبوومەکانى سەوزە و گەڵادارەدان هاوبەشن و پێکەوە بڕیار دەدەن."
 
رۆژژمێری کشتوکاڵیى عێراق تایبەتە بە وردەکاریى بەرهەمى ساڵانەى کشتوکاڵ، پەلەوەر، ئاژەڵداری و چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵیدا بە مەبەستى پاراستنى بەرهەمى نێوخۆیی. 
 
بە گوێرەى ئەو رۆژژمێرە، لە یەکى ئەیلوولى 2023ەوە تاوەکو یەکى ئایارى 2024، هاوردەکردنى ئەو پێنج بەرهەمە قەدەخەکراوە، بەڵام لەدوای ئەو رێککەوتەش قەدەخەی هاوردەکردنەکە لە عێراق هەڵنەگیرابوو
 
رزگار حەمەد خدر، راوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى رۆژژمێرى کشتوکاڵیى تایبەت بە هەرێمى کوردستان، قەدەخەکردنى شێلم، قەڕنابیت، چەوەندەر و کەلەرم بەدرێژایی ساڵ قەدەخەیە، لەبەرئەوەى بەرهەمى نێوخۆیی لە خانووى پلاستیکى بەرهەم دەهێندردێت، سەرەڕاى ئەوەى بەرهەمى زستانەن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە